کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی ڕێژەی توندوتیژی و تێکهەڵچوونی خەڵک لە ئێران

10:49 - 27 جۆزەردان 2724

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر بابەتی ڕێژەی توندوتیژی و شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک لە ئێراندا.

ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە ئاماری بەشداربووانی "کۆنفرانسی نەتەوەیی دژی توندوتیژی" ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە دوومانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٣ ژن لەلایەن هاوسەر، باوک، برا یان داواکارەکەیانەوە کوژراون.

بە بڕوای زۆرێک لە چالاکانی مافی ژنان سەرەڕای ئامارە تۆمارکراوەکان زۆربەی ژنکوژییەکان لە هەندێک شوێنی ئێران هیچ باسێکی لێ ناکرێت و بە میدیایی ناکرێت و لە ئامارەکاندا تۆمار ناکرێت.

هەم میهەن لە زاری فەهیمە نەزەری کۆمەڵناس و لێکۆڵەری بابەتە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ڕێژەی شەڕ و تێکهەڵچوون و توندوتیژییەکان لە ئێران ٨ لەسەد پەرەی سەندووە و بەپێی تۆمارکراوەکان تەنیا لە ساڵی ١٤٠٢دا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی داوە کە بەبەراورد لەگەڵ ٧ ساڵی ڕابردووی خۆی زیاترین ڕێژەیە".

نەزەری بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران یەکێک لە تووڕەترین و نیگەرانترین خەڵکانی جیهانی هەیە ڕایگەیاندووە کە سەندیکاکان و گرووپە جیاجیاکان مافێکی زۆریان پێشێل کراوە بەڵام بەهۆی بەربەستەکانی سیستمی باڵادەست و ژێردەست ناتوانن تووڕەییەکەیان لەهەمبەر پێشێلکارییەکان دەرببڕن و ئاکامەکەی بەشێوەی خۆکوشتن دەردەکەوێت، هاوشێوەی خۆکوژیی ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکەکان لە ساڵی ڕابردوودا.

هەم میهەن لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە کۆمەڵناسان لەم کۆنفرانسەدا هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگایان بە یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی توندوتیژی لەقەڵەم داوە.

لەم پێوەندییەدا مێهران سەولەتی کۆمەڵناسی بەشداربوو ڕایگەیاندووە کە ئابووریی دەستووری، کولتووری کۆنتڕۆڵکراو و سانسۆرکراو و هەروەها دەستێوەردانەکانی حکوومەت لە بنەماڵەکان بەتایبەتی لە بابەتی منداڵداربوون و جەوانیی حەشیمەت، لە نموونەکانی ئەم کۆنتڕۆڵکردنانەی حکوومەت بۆ سەر کۆمەڵگایە.