کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە سەبارەت بە مەترسییەکانی دەستپێگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی

10:53 - 27 جۆزەردان 2724

ڕۆژی شەممە ٢٦جۆزەردان، سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە فراوانبوونی چالاکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

ئەو سێ وڵاتە چالاکیی کۆماری ئیسلامی لە دانانی سانتریفیووژی نوێ لە دامەزراوەکانی فردۆ و نەتەنزیان شەرمەزار کرد و نیگەرانیی خۆیان لە مەترسییەکانی دەستپێگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی دەربڕی.

لەو ڕاگەیەندراوەدا بریتانیا، ئەڵمان و فەرانسە وەبیریان هێنایەوە کە پاشەکەوتی پیتێنراوی یۆرانیۆمی ئێران و توانای پیتاندنی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو سنووری پەیماننامەی بەرجامی تێپەڕاندووە، بەڵام بە کردەوە نوێیەکانی کۆماری ئیسلامی، پێشێلکردنی بەڵێنەکانی بەرجام لەوە زیاتریش دەڕوات.

پێشتریش، ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان، دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ یەکەمین جار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڕیارنامەیەکی دژ بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی دەرکرد.