کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، نیگەرانیی لەنێو بەرپرسانی ڕێژیم پێک ‌هێناوە

11:19 - 28 جۆزەردان 2724

جێگری سیاسیی سپای پاسداران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەسیجی و تەڵبەکانی قوم وتی کە کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە لەگەڵ کێشە بەروڕوو دەکات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیس و دەوڵەت بەبێ پشتیوانیی جەماوەر وێنا دەکات.

پاسدار یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای پاسداران، گرینگیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی چەند قاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زانیوە و هۆکاری ئەم گرینگییەی بۆ دۆخ و هەلومەرجی نێوخۆ، ناوچەیی و نێونەتەوەیی گەڕاندووەتەوە.

ناوبراو هاوشێوەی قسەکانی چەندین ساڵەی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە دوژمنان، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئیسرائیل دا کە دەیهەوێت کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیران بەروەڕوو بکاتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی ڕێژیمی ئێران کە دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتێری هەڵگری ناوبراو بەڕێوە دەچێت، هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانییە قووڵەکان سەبارەت بە تەندروستیی عەلی خامنەیی و پرسی جێنشینی ناوبراو.

 لەم دواییانەدا بە بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگیی پزیشکی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاشکرا بوو کە ڕەنگە عەلی خامنەیی تا زستانی داهاتوو نەتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە.