کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینکراوان لە چەندین شاری ئێران

11:24 - 28 جۆزەردان 2724

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سێنفییەکانی کرێکاران و خانەنشینکراوان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردان، وەک حەفتەکانی ڕابردوو، خانەنشینکراوان لە چوار شاری ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژی ڕابردوو ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە شارەکانی کرماشان، ئەهواز، ئێسفەهان و شووش لە ٢٠ـەمین حەفتەدا بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەرانی خانەنشینکراوی کرماشان بە سەرهەڵدانی دروشمی، "بژێوی ژیان و چارەسەر، لە هەموو کاتێک زیاتر و خراپتر" لە بەرانبەر دۆخی خراپی ژیانیاندا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە شاری ئەهواز، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکخستنی کرێکاران و خانەنشینکراوان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی بژێوی ژیان، دروشمیان بە دژی ڕێژیم وتەوە.

هەروەها خانەنشینکراوانی شاری شووش، یەکێکی دیکە لە شارەکانی پارێزگای خووزستان، لە کۆبوونەوەیەکدا، جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی پلانی یەکسانکردنی مافەکان کردەوە، بەرامبەر بە سنووردارکردنی کەسی و کۆمەڵایەتی دژی ژنان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاوکات خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵا لە ئێسفەهان کۆ بوونەوە و بەرامبەر بە دۆخی بژێوی ژیان و ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و دروشمی "دادپەروەریمان نەبینیوە، تەنها درۆمان بیستووە"یان وتەوە.

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر نەیتوانیوە سنووردارکردنی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات، بەڵکوو ڕێکۆردی ٨٠ ساڵەی ڕێژەی هەڵاوسان شکاوە و گەیشتووەتە سەرووی ٥٢ لەسەد.