کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە لەهەوڵدایە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی وێرانکەر ببات

11:25 - 28 جۆزەردان 2724

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە شەڕاژۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ڕایگەیاند، میلیشیا تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، ناوچەکە بەرەو وێرانی دەبەن و ئیسرائیل لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ئاژاوەگیڕییانە لە هەموو بەرەکاندا، بەردەوام دەبێت.

دانیەل هاگاری ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردان لە پرێسکۆنفرانسێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشە سنوورییەکانی حیزبوڵڵا هۆشداریی دا و ڕایگەیاند ئەم هێرشانە ئیسرائیل بەرەوە شەڕێکی بەربڵاوتر دەبات و دەتوانێت ببێتە هۆی وێرانبوونی لوبنان و ناوچەکە.

هاگاری باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی غەززەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە ٥ هەزار ڕاکێت، مووشەکی دژەتانک و دڕۆنی لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل زیادی کردووە کە حیزبوڵڵا داهاتووی لوبنانی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و لەم وڵاتە وەک قەڵغانێک بۆ حەماس کەڵک وەردەگریت.

هاگاری بە ئاماژەدان بەوەی کە دەوڵەتی لوبنان ناتوانێت پەسەندکراوەکانی شۆرای ئەمنییەت لە پێوەندیی لەگەڵ حیزبوڵڵادا جێبەجێ بکات ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەموو ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی خەڵکەکەی و گەڕاندنەوەی ئەمنییەت و ئارامی بۆ سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان دەگرێتە بەر.

خولی نوێ هێرشەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر پاش کوشتنی سامی عەبدوڵڵا ناسراو بە ئەبوتالب یەکێک لە باڵاترین فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لە ڕۆژانی ڕابردوو بوو کە ڕۆژی پێنجشەممە حیزبوڵڵا گەورەترین هێرشی خۆی لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا.

کاناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە چڕتربوونەوەی گرژییەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ئەگەری هەیە ئەمریکا لە شەڕەکە تێوەگلێنیت.

سی بی ئێس لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا نیگەرانە بە هۆی چڕتربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ سەر یەکتر، خۆشی لە شەڕەکە تێوە بگلێت یان ئەمنییەتی هێزەکانیان لە سووریە و عێراق و ئۆردۆن بکەوێتە مەترسییەوە.

لە پاش دەسپیکی شەڕی غەززە لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام هەوڵی داوە تا گرژییەکان لەوەی کە هەیە زیاتر پەرە بسێنێت و ناوچەکە بەتەواوی تێک بدات.