کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی دامەزراوەی سیپری لە چەکە ئەتۆمییە ئامادە بە شەڕەکانی جیهان

12:52 - 28 جۆزەردان 2724

دامەزراوەی ئاشتیی سیپری لە دوایین ڕاپۆڕتی خۆیدا باسی لە زیادکردنی ڕیژەی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهان کردووە کە لەلایەن وڵاتانەوە ئامادەی بەکارهێنانن.

ئەم دامەزراوە سەربەخۆیە کە ساڵانە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی شیکاری لەسەر بازرگانیی چەکوچۆڵ و تێچووی وڵاتەکان بۆ هێزە سەربازییەکانیان ئەنجام ئەدات لە ڕاپۆرتی ئەمجارەیدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە جیهاندا چەکە ئەتۆمییەکان بایەخێکی زیاتریان لەچاو ڕابردوو پی دراوە.

لیکۆڵەرێکی ئەم دامەزراوە لە ڕاپۆرتەکەدا بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی چەکە ئەتۆمییەکان کە ئامادەی بەکارهێنانن، گەیشتووەتە نزیک ٢١٠٠ کڵاوەی جەنگی کە زیاترین ڕێژەیە لە مێژووی جیهاندا.

ئەم لێکۆڵەرە زیادی کردووە کە لە ئاڵوگۆڕێکی نوێی دیکەدا ڕێژەی ئەو چەکە ئەتۆمییانەی کە دەکرێت بەپەلە کەڵکیان لێ وەربگیرێت، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە.

لەم پێوەندییەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی ئەم جۆرە لە چەکە ئەتۆمییەکان لە بەردەستی ڕووسیە و ئەمریکادایە بەڵام بۆ یەکەم جار وڵاتی "چین"یش ڕێژەی ئەم چەکانەی بردووەتە سەرەوە.

سیپری لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا و بە ئاماژەدان بەو ٩ وڵاتەی کە چەکی ئەتۆمییان هەیە ڕایگەیاندووە کە هەمووی ئەم ٩ وڵاتە چەکە ئەتۆمییەکانیان نوێتر و پێشکەوتووتر کردووەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی سیپری لەکاتێکدایە کە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نیگەرانییەکی دیکەی بۆ سەر جیهان دروست کردووە.

گیلاد آردان نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاش هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە "ڕیژیمی ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی و ئەمنییەت لە جیهاندا و لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کات نزیکترە بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی".

ئاردان زیادی کردبوو کە تەنیا ئەوە وێنا بکەن کە مووشەک و دڕۆنەکانی ئێران بە چەکی ئەتۆمییەوە تەیار بکرێن.