کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەدانی بیمەی دەرمانی بە کرێکارانی شارەوانیی ئیلام بە هۆی قەرزی شارەوانی بە ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی

12:56 - 28 جۆزەردان 2724

هەواڵدەریی ئیلنا سەر بە ڕێژیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری کرێکارییەوە سەبارەت بە نەدانی پارەی بیمە لەلایەن شارەداریی ئیلامەوە بڵاوی کردەوە کە ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئیلام بە هۆی قەرزی دارایی شارەداری بەو ئیدارەیە خۆی لە درێژکردنەوەی مۆڵەتی بیمەی دەرمانیی کرێکارانی شارەوانی کە پێویستیان بەو خزمەتگوزارییە هەیە پاراستووە.

یەکێک لەو کرێکارانەی شارەوانیی ئیلام ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی قەرزی شارەوانی بداتەوە، خزمەتگوزاریی دەرمانیی کرێکارانی ڕاگرتووە و ئەمەش بە پێچەوانەی یاسایە چونکە ئەو کرێکارانە ماوەی ۱۰ بۆ ١۵ ساڵە حەقی بیمە بە ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەدەن.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە ڕێژەی قەرزی شارەوانی بە ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی زانیاریەکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە وتەی کرێکارانی شارەوانی وادیارە کە شارەوانی جگە لەوەی کە وڵامی داواکاریی کرێکارانی نەداوەتەوە حەقی بیمەی کرێکارانیشی بەو ئیدارەیە نەداوە.

شایانی باسە کە کرێکارانی شارەداریی ئیلام چەندین جار تا ئیستا ناڕەزایەتییان بە دۆخی کار و دانی مووچە دەربڕیوە و زۆربەی کرێکارانی شارەوانیی کرێکاری گرێبەستین و خاوەن کارەکانیان بە دڕندانەترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە بێکاری لەو پارێزگایە لە لووتکەدایە، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێژەی بێکاریی لە بەهاری ساڵی ١٤٠٢ لە پارێزگای ئیلام بە ٦.٨ لەسەد ڕاگەیاند. بەڵام کاتێک ئەم پێوەرە لە تەنیشت ڕێژەی بەشداریی ئابووری و ڕێژەی دامەزراندن دادەنرێت، دۆخەکە زۆر نالەبارە و پێوەرەکانی بەشداریی ئابووری ئەم پارێزگایە ۳۲.۸ لەسەد و ڕێژەی دامەزراندن ٣٠.٨ لەسەدە واتە ڕێژەی بێکاری لە ئیلام لە بەهاری ساڵی ١٤٠٢دا   ٦.٢ لەسەد بووه‌.