کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام هەڕەشە لە دارستانەکانی زاگرۆس دەکەن

13:03 - 28 جۆزەردان 2724

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و وشکەساڵییە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵانی ڕابردوودا و هەروەها لەژێر سێبەری سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێراندا، دارستانەکانی زاگرۆس ڕووبەڕووی مەترسیی لەنێوچوون دەبنەوە.

حوسێن میرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکان و بەڕێوەبەری بەشە ئاوەکانی لوڕستان، ڕایگەیاند کە لە کۆی یەک ملیۆن و ٢١٧ هەزار و ٣١٤ هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەم پارێزگایەدا ٤٦ لەسەد کە دەکاتە ۵۶۳ هەزار و ٧٩٨ هێکتار یا وشک بوون و یانیش تێکچوون.

ناوبرا ئاماژەی بەوەی کردووە کە، ٢٨ هەزار و ٨٥٤ هێکتار کە دەکاتە ٥٠ بۆ ٧٥ له‌سەدی دارستانەکانی ئەم پارێزگایە وشک بوون ، و ١٩٥ هەزار و ٨٥٩ هێکتار کە دەکاتە ٢٥ بۆ ٥٠ لەسەد تووشی وشکبوونێکی مامناوەند بوون و هەروەها ٣١٥ هەزار و ٦٦٤ هێکتار بەشێوەیەکی سووک تووشی وشکبوون بوون.

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا یەک لەسەر شەشی دارستانەکانی زاگرۆس بە هۆی هۆکارگەلی وەک وشکەساڵی و ئافات و بەتایبەتی ئاگرکەوتنەوە لەنێوچوون.

ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی زاگرۆس کە زۆربەیان بە ئەنقەست لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوو دەدەن و بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دارستانەکانی زاگرۆس و ساڵانە چەند هەزار هێکتارێک لە دارستانەکانی زاگرۆس بە ئاگر لەنێو دەچن.

لەلایەکی دیکەوە سیاسەتی هەڵەی ڕێژیم و دانانی کەسانێک کە شارەزایی تەواویان لەم بوارەدا نییە و نەبوونی بیروڕای پسپۆڕانە بووەتە هۆی تێکچوونی دار بەڕووەکان لە دارستانەکانی زاگرۆسدا.

دارستانەکانی زاگرۆس ١١ پارێزگا دەگرێتەوە و شوێنی نیشتەجێبوونی ١٠ میلیۆن کەسن و لەگەڵ لەناوچوونی وردە وردەی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی بەرەوڕوون.