هەواڵدەریی ئەلعەرەبیە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە چەندین ئەندامی سپای پاسداران و گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان، لە هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن کوژراون .
کاناڵی ''ئەلمەسیرە'' سەر بە حوسییەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردان، لە هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر بنکەکانی ئەم گرووپە لە پارێزگای حەدەیدەی یەمەن ١٦ کەس کوژراون و ٤١ کەسیش بریندار بوون.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا ١٣ خاڵیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی بریتانیاش ڕایگەیاند، لەو عەلەمیاتە هاوبەشەدا سێ خاڵی شاری بەندەری حدەیدە لە لێواری دەریای سووری کردووەتە ئامانج کە دڕۆن و چەکی زەوی بۆ ئاسمانی لێیە.
ئەمریکا و بریتانیا ڕایانگەیاندووە، ئەو هێرشانە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی حوسییەکان لە پەکخستنی زیاتری کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا بووە.
هەواڵی کوژرانی ئەندامانی سپای پاسداران دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی تکنۆلۆژیی مووشەکی بالیستیکی دژە ژێردەریایی خۆی بۆ حوسییەکانی یەمەن دابین کردووە.