ڕۆژی شەممە، ١٢ی جۆزەردان سێمینارێک لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە بۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بەڕێوەچوو.
سێمینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کاک والی دروودی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی ئەنجومەن خوێندرایەوە.
دواتر کاک شاڕۆخ حەسەنزادە، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاونیووز بابەتێکی لەژێر ناوی "فەزیلەتی زیندانیی سیاسی" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە بڕگەی دواتردا، کاک سمکۆ دەستمەردی، بە خوێندنەوەی شێعرێک یادی ٥٩ لاوی لەسێدارەدراوی مەهابادی بەرز ڕاگرت.
دواتر بەپێی نەریتی ئەنجومەن لەم ڕۆژەدا، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەشی دوو زیندانیی سیاسیی کرا.
لەم بڕگەیەدا خاتوو خەدیجە مەعزووری و کاک محەممەد ناسری بە نوێنەرایەتی لە موژگان کاوسی و کەماڵ شەریفی دوو بەندکراوی سیاسی کە ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان، لەلایەن کاک سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.
دەقی ڕێزلێنانەکە لەلایەن سیمین ڕوحانیزادە، پێشکەشکاری سێمینارەکەوە بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە.
بەبۆنەی ١٢ی جۆزەدان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەند پەیام ئاراستەی ئەنجومەن کرابوون کە بریتی بوون لە:
پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات
پەیامی کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات
پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
و هەروەها پەیامی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ٦٢ی هەتاویدا، ٥٩ لاوی بێتاوانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گولـلەباران کران و هەتا ئێستا کە ٤١ ساڵ لەم ڕووداوە تێدەپەڕێت بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی بەخاکسپاردنیان نییە، ئەم ڕۆژە ماوەی سێ ساڵە لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکوو ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کراوە.