کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی بەلووچ بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیم

18:49 - 28 جۆزەردان 2724

میدیاکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان هەواڵی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی بەلووچ بە ناوی "محەممەد گۆرگیج"یان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، محەممەد گۆرگیج لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ماڵی باوکی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

 

بنەماڵەی ئەم هاوولاتییە هەتا سێ ڕۆژ هیچ زانیارییەکیان لە هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی راگرتنی نەبووە.

 

دواتر و سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، بەشی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانی زاهێدان پەیوەندیی بە بنەماڵەی ناوبراوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە بەندیخانەی ئەو ناوەندەدا گیانی لەدەست داوە.

شایانی باسە کە تەرمی محەممەد گۆرگیج لەکاتێکدا ڕادەستی بنەماڵەی کراوە کە  کەلـلەسەری لەژێر ئەشکەنجەدا شکاوە  و بنی پێی و پشتی بە قووڵی بریندار بووە و هەروەها پێستی توێڵی لێکەندراوەتەوە.

تەرمی ناوبراو بە هەڕەشە و مەرجی تۆمارنەکردنی سکاڵا، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

محەممەد گۆرگیج تەمەنی ٣١ ساڵ بووە و خێزاندار و باوکی ٣ منداڵیش بوو.

گوشارەکانی رێژیم بۆ سەر هاوولاتییانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە و زۆر هاووڵاتیی کوردیش هاوشێوەی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و بە هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە گیانیان لەدەست داوە.