کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند نێتانیاهۆ کابینەی جەنگ هەڵدەوەشێنێتەوە

18:51 - 28 جۆزەردان 2724

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەمرۆ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کابینەی جەنگی شەش کەسی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە.

ئەم هەڵوەشاندنەوەیە دوابەدوای ناکۆکییەکانی کابینەی جەنگی ئیسرائیل و ڕۆیشتنی دوو ئەندامی ئەم کابینەیە لە حەفتەی ڕابردوودا بووە و بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرەکانی کابینەکەی ئاگادار کردەوە کە کابینەی جەنگ هەڵوەشاوەتەوە.

 دوای ڕۆیشتنی ژەنەراڵی میانڕەو  بێنی گانتز بە شێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوانیی هەنگاو و کردەویەکی بەم شێوەیە لە ئیسرائیل دەکرا.

لەم باریەوە ڕۆیتێرز بڵاوی کردەوە، ئێستا چاوەڕوان دەکرێت نێتانیاهۆ لەگەڵ گروپێکی کەم لە وەزیرەکانی لەوانە یوئاو گالانت وەزیری بەرگری و ڕان درمر وەزیری کاروباری ستراتێژی لە سەر شەڕی غەززە پێکەوە ڕاوێژ بکەن.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا ڕووبەڕووی داواکاریی هاوپەیمانی ناسیۆنالیستی و ئایینی بووەتەوە، کە بریتین لە بزالل ئەسمۆتریچ، وەزیری دارایی و ئیتامار بێنگویر، وەزیری ئەمنییەتی نەتەوەیی، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کابینەی جەنگەوە بکەن و ئەمە گرژییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو ئەمریکا زیاد دەکات.

کابینەی جەنگ دوای پەیوەستبوونی گانتز بە نێتانیاهۆوە لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو دامەزرا بەڵام گانتز و ئایزنکۆت هەردووکیان حەفتەی ڕابردوو کابینەیان بەهۆی ئەوەی بە قسەی خۆیان نێتانیاهۆ لە داڕشتنی ستراتێژی بۆ شەڕی غەززە تووشی شکەست بووە بەجێ هێشت.