کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەرەوەر لە ناوچەی هەورامان

18:53 - 28 جۆزەردان 2724

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بەناوی کاک فەرەجوڵڵا نەسیری، کوڕی حاجی جەعفەر خەڵکی شاری نۆدشە و دانیشتووی شاری مەریوان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک فەرەجوڵڵا لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایاتی لە شارەکانی نۆدشە و مەریوان مامۆستای قوتابخانە بووە و دژی ئەو ڕێژیمە چالاکیی کردووە و پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ناوبراو لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد هەروا درێژەی بە چالاکییەکانی داوە، هەر بەو هۆیەوە لە پیشەی مامۆستایەتی وەلا نرا.

ناوبراو دەیان جار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە تووشی بەندکران و ئازار و ئەشکەنجە بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.