کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گرووپێکی شیعەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە عێراق خستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە

10:49 - 29 جۆزەردان 2724

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەوڵی شەڕەنگێزانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گرووپی شیعەی ''ئەنساڕوڵڵا ئەوفیا''ی عێراق و سکرتێری ئەو گرووپەی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ''ئەمریکا هەروا خۆی بە پێبەند دەزانێت کە لەگەڵ هەوڵە شەڕنگێزییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزمە لە جیهان، بەرەنگاری بکات و توانای گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی پێرسۆنیل، ئیمکانات، و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لاواز بکات.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و حەیدەر ئیبراهیم غەراوی، سکرتێری گشتیی ئەو گرووپە دەخاتە لیستی تیرۆریستە تایبەتە نێودەوڵەتییەکانەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا گرووپێکی میلیشیایی لە عێراقە و لەژێر پشتیوانیی ڕێژیمی ئێراندایە و بەشێک لە " موقاومەتی ئیسلامی لە عێراقە. وەزرارەتی دەروەی ئەمریکا رایگەیاندووە ئەم گرووپه تا ئێستا "بەرپرسیاریەتیی خۆی له دەیان هێرشی ئەم دواییەیانە له دژی پێرسۆنیلی سەربازیی ئەمریکا له عێراق و سووریە وەئەستۆ گرتووه".

هەروەها ئناوەندی هزریی ''واشنتۆن ئەنستیتۆ'' وتوویەتی کە گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا یەکێک لە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە لقی قودسی سپای پاسدارانە، کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر سنووری سووریە جێگیر بووە".