کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی چەند کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە حوسییەکان

12:12 - 29 جۆزەردان 2724

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان ڕایگەیاند چەند کەس و دامەزراوەی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە کە لە پشتیوانیی چەکوچۆڵ و ماڵیی میلیشیاکانی حوسیی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەستیان هەبووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ''ئەمریکا بەرامبەر بەو کەسانە کە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەک بۆ حوسییەکان دابین دەکەن بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەنگاو هەڵدەگرێت.''

مەتیۆ میلێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ٩ کەس و دامەزراوەی کە ئاسانکارییان بۆ کڕینی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکان کردووە تەحریم دەکات.

هەروەها نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە چەند کەس و دامەزراوەی کە ئاسانکارییان لە کڕینی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکان کردووە تەحریم کردووە.

میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران کە کۆنترۆڵی پایتەختی یەمەن و زۆربەی ناوچە پڕ حەشیمەتەکانی ئەو وڵاتەیان لەبەر دەستدایە، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە بە بیانووی پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین هێرش بۆ سەر کەشتییە پێوەندیدارەکان بە ئیسرائیل لە دەریای سووریان دەست پێ کردووە.

هێرشی میلیشیاکانی حوسی، کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگا سەرەکییەکانی دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و شیرکەتەکانی کەشتیوانیی ناچار کردووە ڕێڕەوی کەشتییەکانیان بگۆڕن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمەریکا دەڵێت حوسییەکان دڕۆن و مووشەکی بالستیک و مووشەکی کرووز بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەکار دەهێنن و هاووڵاتییانی مەدەنیی بێتاوان دەکوژن و هەڕەشە لە ئازادیی کەشتیوانیی جیهانی دەکەن.