کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر بەربووەتە گیانی زاگرۆس؛ بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکان لە زاگرۆس و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم

12:45 - 29 جۆزەردان 2724

ماوەی زیاتر لە دە رۆژە کە ئاگر بەربووەتە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچانە بە دەستی بەتاڵ بەرەوڕووی ئاگرەکە بوونەتەوە.

بەپێی زانیاریی گرووپە ژینگەپارێزەکان پاش ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس لە کرماشان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێکی دیکە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگاکانی خووزستان، فارس و کۆهگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد ئاگریان تێ بەربووە و خەسارێکی زۆر بەر جەستەی زاگرۆس کەوتووە.

لە گرتەڤیدیۆکاندا دەرکەوتبوو کە خەڵکی جوانڕۆ و پاوە بە هاوکاریی ژمارەیەک لە خۆبەخشانی ناوچەکانی دیکە کوردستان بە دەستی بەتاڵ هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاورەکەیان دابوو.

لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕیژیم لە کرماشان و لەم ناوچانەدا هیچ یارمەتییەکی خەڵکی خۆبەخش و ژینگەدۆستیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەدابوو.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بە وتەی چالاکانی بواری ژینگە لە پارێزگای فارس، پاش ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەکانی شاری "ڕۆستەم" سەر بەو پارێزگایە، ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند حاڵەتی دیکەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگاکانی کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد و خووزستان ڕووی داوە و خەساریکی زۆر بەر دارستانەکانی زاگرۆس لەو ناوچانەش کەوتووە.

ساڵانێکە کە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بەئەنقەست ئاگریان تێ بەر دەدرێت و چالاکانی ژینگەیی بە دەستی بەتاڵ بەرەوڕووی ئاگرەکان دەبنەوە و هەر بەم هۆیە چەند کەسێکێش گیانی خۆیان لەپێناوی پاراستنی ژینگەی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا قوربانی کردووە.