کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە سەرتاسەری ئێران گەیشتووەتە نیوەی ڕێژەی پێوەرە جیهانییەکان

12:19 - 13 جۆزەردان 2724

محەممەدڕەزا بەنی تەبا وتەبێژی ئەنجومەنی پیشەسازیی شیرەمەنیی ئێران باس لەوە دەکات کە ڕێژەی خواردن و بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی لە سەرتاسەری ئێراندا گەیشتووەتە کەمتر لە ٧٠ کیلۆ کە ئەمەش نیوەی ڕێژەی ستانداردی جیهانییە.

 

ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای سەر بە ڕێژیمی ڕاگەیاندووە، لە هەندێک وڵاتی وەک فەرانسە، ئەمریکا و وڵاتانی سکاندیناوی، ڕێژەی بەکارهێنانی شیرەمەنی دەگاتە زیاتر لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆ.

 

له‌و ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بە داتاکانی ئەنجومەنی پیشەسازیی شیرەمەنیەکان باس لەوە کراوە کە بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە ئێراندا لە ساڵی ١٣٩٠وە بەرەو کەمبوونەوە چووە.

هەروەها ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، فائۆ، کەمبوونەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە ئێراندا پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی ئارشیڤی ئامارەکانی ڕێکخراوی فائۆ دەرکەوتووە سەرەتای ساڵانی ١٣٩٠دا، بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی لە ئێران زیاتر لە ١٠١ کیلۆ بووە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوو بۆ ٧٠ کیلۆ دابەزیوە.

هەروەها ئامارەکانی ڕێکخراوی فائۆ دەریدەخەن بەرهەمهێنانی بەرهەمی شیر و شیرەمەنی لە ئێراندا لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا نەگۆڕ و بەردەوام ماوەتەوە، بەڵام هاوردەکردنی یەک بە چوار دابەزیوە و هەناردەکردنیشی چوار هێندە زیادی کردووە.