کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوچوونی ٩٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی کرماشان لە سەرەتای ئەمساڵەوە

12:47 - 29 جۆزەردان 2724

فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٩٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە لە ئاگردا سووتاوە.

ئەسغەر ئاغاز، بەئاماژەدان بە دوو ئاگرکەوتنەوی گەورە لە ناوچەکانی بۆزین و مەڕەخێڵ کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لەژێر کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بەردەوام بوو ڕایگەیاندووە کە لە بۆزین ٥٠٠ هێکتار و لە مەڕەخێڵ ٤٢٠ هێکتار لە دارستان و لەوڕگەکانی ئەم دوو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.

ئاغاز زیادی کردووە کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا شەش حاڵەتی ئاگربەربوون لە ناوچەکانی بۆزین، مەڕەخێڵ، قەڵاجێ و بێستوون ڕووی داوە کە ٩٥٦ هێکتار پانتایی هەبووە.

ناوبراو لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێژیم لەهەمبەر سروشتی کوردستان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی بۆ خەڵکی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بە بڕوای چالاکانی ژینگەیی کوردستان، ئاگرەکان بەئەنقەست و بەمەبەستی وێرانکردنی سروشتی کوردستان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لەو ناوچانە بەر دەدرێت.