کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا، دەریاوانێکی فیلیپینی لە هێرشی حوسییەکاندا کوژرا

12:48 - 29 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە دەریاوانێکی فیلیپینی لە هێرشەکەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە کوژراوە، ئەو کردەوەیەی حوسییەکانی بە تێرۆریزم ناو برد و شەرمەزاری کرد.

حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، لە نۆڤامبری ساڵی ڕابردووەوە دەیان هێرشی پەهبادی و مووشەکییان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەی گرینگی دەریای سوور ئەنجام داوە.

لەو پێوەندیەدا، جان کێربی باسی لەوە کرد، دەریاوانێکی سریلانکایی لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیی بارهەڵگری پالائوا کە ئاڵای ئۆکراینی لەسەر بووە، بە سەختی بریندار بووە و ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە سێ کەس و شەش ڕێکخراو کە دەستیان لە دابینکردنی چەکی حوسییەکان هەیە دەکرێنە ئامانج.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.

جێگای ئاماژەیە هێرشە بەربڵاوەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵی کەشتیوانی لە ئاوە ئازادە بازرگانییەکان، لە ڕێگەی پەهباد و مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەکرێ.