کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێکی لاو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرا

12:50 - 29 جۆزەردان 2724

ژنە لاوێکی خەڵکی پیرانشار کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو بە هۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ژنە لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی "لەیلا پایمەرد" لە خانەباخێکی بچووک لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا و پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

کوردپا هۆکاری ئاگرتێبەردانی ئەم ژنە لەلایەن هاوسەرەکەی "کێشەی بنەماڵەیی" و "داواکاریی جیابوونەوە" لەلایەن ئەم ژنەکەوە ڕاگەیاندووە. بە شێوەیەک کە لەیلا پاش هاوسەرگیری لەلایەن "هاوسەرەکەی و خوشکەکانیەوە" توندوتیژیی بەرانبەر کراوە و ئازار دراوە و بێڕێزیی پێ کراوە، هەر بەم هۆیەوە چەندین جار پرسەکەی بۆ خوشک و براکانی باس کردووە و هەرجار بۆ ماوەیەک ماڵ و هاوسەرەکی بەجێ هێشتووە تاکوو بتوانێ لێی جیا ببێتەوە؛ بەڵام کێشەی ئەم ژنە چارەسەر نەبووە و لە کۆتاییدا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاگرتێبەردانی لەیلا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەڵێ؛ لەیلا و هاوسەرەکەی بڕیار بووە لە زەمینێکی کشتوکاڵی لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە پیرانشار کە خانەباخێکی بچووکی تێدایە کار بکەن  و لەوێ بژین. لەیلا پێش لەوەی کە بسووتێندرێ، کاتی پارشێو بە مەبەستی ڕۆژووگرتن لە خەو هەستاوە و دوایە خەوتووەتەوە مورادیش پێش لەوە جێگا خەوەکە و دارێکی درێژ بۆ ئاگرتێبەردانی لەیلا ئامادە دەکات و پاش ئەوەی کە بە بەنزین ئاگر لە جەستەی لەیلا بەر دەدات، هەڵدێت. دواتر کەسێک کە لەو نزیکانەوە بووە بە ئاگرەکە دەزانێ و خۆی دەگەیەنێتە خانەباخەکە و دەنگی هاواری لەیلا دەبیستێ کە دەڵێ "موراد لە خەودا ئاگری تێبەردام."

بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان، موراد پاش ئاگرتێبەردانی لەیلا هەڵهاتووە و تاکوو ئێستا دەسبەسەر نەکراوە. کچەکانی لەیلا لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵەبابی باوکیان دەبن.

لەیلا پایمەرد دوو کچی تەمەن ١٣ و ٩ ساڵانی هەیە. ناوبراو هەتا قۆناغی سەرەتایی دەرسی خوێندووە و ژنێکی ماڵدار بووە. لەیلا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەگەڵ موراد هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا لەلایەن ئەم کەسەوە سووتێندراوە.

لەیلا پایمەرد، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار بووە و باوک و دایکی چەند ساڵ پێش کۆچی دواییان کردووە.

مورادیش خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار بووە.