کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و چالاکانی مەدەنی داوای بایکۆتی هەڵبژارنەکانیان کرد

10:51 - 30 جۆزەردان 2724

١٠ ڕێکخراوی خوێندکاری و دوو ڕێکخراوی قوتابییان و کۆمەڵێک خوێندکار و چالاکانی مەدەنی و سێنفی و سیاسی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییان کردووە.

لەم بەیاننامە هاوبەشەی ئەو ڕێکخراوانەدا هاتووە: "مشتێک کەس کە مێژوویەکی تاوانکاری دژ بە خەڵکی ئێرانیان هەیە، بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتێک کە لە شەڕی دژی خەڵکدایە، هاتوونەتەوە سەر شانۆ، سەرەڕای بێدەسەڵاتی و چەند دەستەییان، هەروا درێژە بە ڕێکخستنی فەزای سەرکوت دەدەن.

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییان بە گاڵتەجاڕانە ناو برد و ڕایانگەیاند کە بەربژێرەکانی پەسەندکراو لەلایەن شۆرای نیگابانەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران ناکەن و تەنیا ئامراز و مێکانیزمێکن بۆ دانانی بکەرێکی دیکەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەسەر کورسیی سەرۆککۆمارییەوە.

لە درێژەی ئەم بەیاننەمەیەدا باس لەوە کراوە کە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەستنیشانکردنی کەسانێکی سەر بە ڕێژیم بووە کە بە پاراستنی سیاسەتەکانی سیستمی دیکتاتۆریی ئیسلامی لەسەر بنەمای ژنکوژی و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و ئێعدام پێبەندن.

ئەم ڕێکخراوانەی خوێندکاری و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەنگدان و هەڵبژاردنی خۆیان بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ناو برد و جەختیان لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە بە هیچ شتێکی تر ڕازی نابێت جگە لە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە.

شایانی باسە کە کۆمیتەی سەراسەریی خوێندکارانی کوردستان، زانکۆی تکنیکیی یەزدان پەنای سنە، زانکۆی کوردستان، کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ، زانکۆی خاجە نەسیر، یەکیەتیی خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا، ڕێکخراوی قوتابییانی شۆڕشگێڕی بوشێهر لە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە بوون.