کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئازادکردنی حەمید نووری زەبرێکی سەرسووڕهێنەر بۆ سەر کەسوکاری قوربانییانی ٦٧ بوو

10:56 - 30 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئازادکردنی حەمید نووری لەلایەن دەوڵەتی سویدەوە ڕایگەیاند کە ئەم ئەنجامە زەبرێکی سەرسووڕهێنەرە بۆ سەر کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییانی ساڵی ٦٧.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەکەیدا هۆشداریی داوە کە ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی پاراستنی تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی.

بەیاننامەکە زیادی کردووە کە بڕیاری دەوڵەتی سوید نە تەنیا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامی تاوانی زیاتر و بارمتەگرتن بێخەمتر دەکات، بەڵکوو مافی گەیشتن بە دادپەروەریش لاواز دەکات.

ئەم ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە قەیرانی پاراستنی سیستماتیکی تاوانباران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەی تاوانەکانیان بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان ڕایگەیاندووە کە ئاکامی ئەم قەیرانە وای کردووە تەنانەت یەک بەرپرسی کۆماری ئیسلامی لەپێوەندیی لەگەڵ لەسێدارەدانەکانی ساڵی ٦٧ بەدواداچوونی بۆ نەکرێت و لە دادگاکاندا سزا نەدرێت.

بەیاننامەکە لەپێوەندیی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەدوای گەیشتن بە ماف و دادپەروەرین هێناویەتی کە لە ئێستادا و بە بینینی ئازادکردنی تاوانبار حەمید نووری کە تاوانەکانی بێسزا مایەوە، ترساون و بێهیوا بوونە.

حەمید نووری ناسراو بە حەمید عەباسی دادیاری پێشووی بەندیخانەی گەوهەردەشتی کەرەجە کە بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتنی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە دەیەی ٦٠دا لەلایەن داداگای باڵای سویدەوە پاش بەڕێوەچوونی زیاتر لە ٩٠ کۆبوونەوەی ئەم دادگا بە ئامادەبوونی سکاڵاکەران و شاهیدان، بە بەندکرانی هەتاهەتایی حوکم درابوو.

حەمید نووری پاش زیاتر لە ٤ ساڵ بەندکران ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان لەگەڵ دوو بەندکراوی بەبارمتەگیراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئاڵوگۆڕی پێ کرا و ڕادەستی ئێران کرایەوە.

شایانی باسە کە دەوڵەتی سوید لەم ڕێککەوتنەدا ئازدکردنی ئەحمەدڕەزا جەلالی هاووڵاتیی سویدی ئێرانی کە لە ساڵی ١٣٩٥ـەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەتۆمەتی سیخوڕی گیراوە و بە لەسێدارەدان حوکم دراوەی، پشتگوێ خستووە.