کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەرگس محەممەدی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە سزای ساڵێکی دیکەی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

11:55 - 30 جۆزەردان 2724

نەرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل کە ئێستا لە زینداندایە، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم، لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە ساڵێکی دیکەی بەندکران مەحکووم کرا.

مستەفا نیلی، پارێزەری محەممەدی، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەهۆی قسەکانی ناوبراو سەبارەت بە خاتوو دینا قاڵیباف و نامەکەی سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و نامە بۆ پارلمانی سوید و نۆروێژ بووە.

دینا قاڵیباف، ڕۆژنامەوان و خوێندکاری زانکۆی بەهەشتی ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە لە تاران دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ئەوە، چیرۆکی خۆی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی بە دەستی گەشتی ئێرشاد بڵاو کردەوە و باسی توندوتیژیی مەئموران و لێدان و ئازاردانی سێکسی کرد.

دادگاییکردنی نەرگس محەممەدی لە ڕۆژی ١٩ی جۆزەردان بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو بەشێوەی نائاشکرا بەڕێوە چووبوو.

پێشتریش لە ٢٩ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە مافی مرۆییە لە وڵامی بانگکرانی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە نامەیەکی کراوەی بڵاو کردبووەوە و داوای کردبوو دادگاییکردنەکەی بە ئاشکرا بەڕێوە بچێت.

نەرگس محەممەدی لە سەرماوەزی ١٤٠٢ لە پەیامێکدا بۆ پارلمانی نۆروێژ وتبووی کە چیتر جیهان ناتوانێت چاودێرێکی سادە بێت و دەبێت پشتیوانی لە بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بکات.

هەروەها ناوبراو له مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢دا، هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و خوبەرگانی ڕێبەریی بە شانۆگەریی ناو برد و نووسیبووی: بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی دەسەڵاتی ئایینیی پاوانخواز نەتەنیا لە ڕوانگەی سیاسییەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ئەخلاقییشەوە، ئەرکی ئازادیخوازان و دادپەروەرانی ئێرانە.