کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی یاسادانەرانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین

12:23 - 30 جۆزەردان 2724

کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بە واژۆکردنی نامەیەک داوایان لە دەوڵەتی جۆ بایدێن کردووە تا گەمارۆگەلێکی قورستر و شێلگیرانەتر بەدژی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین، بە سەر کۆماری ئیسلامییدا بسەپێنن.

گرووپێکی ٤١ کەسی لە یاسادانەرانی مەجلیسی نوێنەران، پێکهاتوو لە نوێنەرانی هەر دوو حیزبی دێمۆکرات و کۆماریخواز لەم نامەیەدا داوایان لە ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوە و جەنێت لوویز یەڵێن وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا کردووە تاکوو یاسای کەشتیوانی و یاسای گەمارۆی وزەی ئێران و چین کە مانگی ڕابردوو لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند کرا، ببەنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

لەم نامەیەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی بازرگانیی نایاسایی نەوتی ئێرانەوە بۆ چین لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینییەوە تاکوو ئێستا توانیویەتی زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلار داهات بەدەست بێنێت و لەم ڕێگەیەوە داراییەکانی میلیشیا تێرۆریستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دابین بکات.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە تەنیا نییە و چین بە کڕینی ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی نەوتی هەناردەکراوی ئێران یارمەتیدەریەتی، ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا دەبێت لێبڕاوانە بۆ کۆتاییهێنان بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ چین هەنگاو هەڵبڕێت و ئەم داهاتە سەرەکییە بۆ ڕیژیمی ئێران لەنێو ببات.

یاسادانەرانی ئەمریکا ڕوولە وەزیرانی ئاماژەپێکراوی دەوڵەتی بایدێن نووسیویانە: "لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی درێژە بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی خۆی ئەدات، ئێمە داواتان لێ دەکەین کە بەخێرایی یاساکانی گەمارۆی کەشتیوانی و وزەی ئێران و چین ببەنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە".

یاسای کەشتیوانی بریتییە لەوەی کە هەر بەندەر و پاڵاوگەیەک کە نەوتی ئێران وەربگرێت و بەکاری بهێنێت، سزا بدرێت و هەروەها یاسای وزەی ئێران و چین بریتییە لەوەی کە ئەو دامەزراوە داراییانەی وڵاتی چین کە بازرگانیی نەوت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەنجام ئەدەن، سزا بدرێن.

شایانی باسە کە ئەم دوو یاسا هاوکات لەگەڵ یاسای "مەهسا" ژینا ئەمینی لە چوارچێوەی پەسەندکراوی یارمەتیدەری ئۆکراین و تایوان لە مەجلیسی نوێنەران و مەجلیسی سێنای ئەمریکا پەسەند کرا و لەلایەن جۆ بایدێن سەرۆککۆمارەوە واژۆ کرا و بوو بە یاسا.