کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ـەمین حەفتەی سێشەممەکانی ''نا بۆ لەسێدارەدان'' لە زیندانەکانی ڕێژیم بەردەوامە

12:27 - 30 جۆزەردان 2724

٢١ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدانی زیندانییان لە ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و مانگرتن لە خواردن بۆ ٢١ـەمین حەفتە لەسەر یەک درێژەی هەبوو.

چالاکوانانی سیاسیی کەمپەینی "نا بۆ لە سێدارەدان" بۆ ٢١ـەمین حەفتەی لەسەر یەک مانیان لە خواردن گرت و بە دەرکردنی ڕاگەیەندرا، ''بارمتەگرتن لەلایەن کۆماری ئیسلامی" لە "مامەڵەی شەرمەزارکەری حەمید نووری"دا، ئەنجامدەرانی کوشتن و ئەشکەنجەدانیان لە دەیەی شەست شەرمەزار و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە کاتێکدا مەحکومییەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کردووە، بەڵام "کۆماری ئیسلامی" لەپێناو پێشگرتن لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی خەڵک لە زیادکردنی سەرکوتەکانی لە کۆمەڵگەدا بەردەوامە.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزلحسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.