کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٤ لەسەدی یاریدەدەرانی پزیشکی لە ئێران بیر لە خۆکوژی دەکەنەوە

17:42 - 13 جۆزەردان 2724

بابەتی خۆکوژی یاریدەدەرانی پزیشکی پسپۆر لە ئێران بووەتە کێشەیەکی گەورە و لەم دواییانەدا وتارێک لەسەر ئەم بابەتە لە گۆڤاری "لێنسێت" بڵاو بووەتەوە و باس لەوە دەکات کە ٣٤ لەسەدی کادری دەرمانی لە ئێران بیر لە خۆکوژی دەکەنەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، خۆکوژیی یاریدەدەرانی پزیشکی لە ئێران نیگەرانییەکی جیددیی پێک هێناوە، لەحاڵێکدا لە سەرتاسەری جیهاندا ڕێگەی چارەسەری هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بە شێوەی نێۆەنجی ساڵانە ١٣ حاڵەتی خۆکوژی لەلایەن یاریدەدەرانی پزیشکییەوە ڕووی داوە.

ئەو ڕاپۆرتە لەسەر هۆکاری ئەو خۆکوژییە نووسیویەتی، یاریدەدەرانی پزیشکی لە ئێران لە رۆژدا ماوەیەکی زۆر و بەردەوام کار دەکەن و مووچەیەکی کەمیان پێ دەدرێت و هەروەها بەپێی یاسا ناتوانن لە دەرەوەی نەخۆشخانەکانی دەوڵەتی، خۆیان کاری پزیشکی بکەن.

هەروەها زۆرێک لەو پزیشکانە لەگەڵ توندوتیژی و هەڵسۆکەوتی ناحەز ڕووبەڕوو دەبنەوە و گوشاری کاریی زۆریان لەسەرە.

هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ڕابردوودا ماڵپەڕی تجارەت نیووز لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاماژەی بە خۆکوژیی پزیشکان لە ئێراندا کردبوو نووسیبووی کە ماوەی نێوان خۆکوشتنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە ١٠ ڕۆژ و ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی خۆکوشتنەکان بە شێوەیەکی نیگەرانکەر بەرز دەبێتەوە.