کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای مێتا دەیان هەژماری ڕێژیمی ئێرانی سڕیەوە

17:45 - 13 جۆزەردان 2724

کۆمپانیای مێتا بە هۆی پێشێلکردنی یاساکانی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دەیان هەژماری پێوەندیدار بەم ڕێژیمەی سڕیەوە.

کۆمپانیای مێتا هۆکاری سڕینەوەی ئەم هەژمارانەی بۆ پێشێلکردنی یاساکانی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئێرانەوە لە ڕێگەی دروستکردنی هەژماری ساختە و چالاکی بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک ناو بردووە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم هەژمارانە هاووڵاتییانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و لە ئێرانەوە کاریان لەسەر کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەمبارەوە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە بڵاو بووەتەوە، ئەم کۆمپانیایە ٢٢ هەژماری فەسیبووک، ٨ لاپەڕە، ٨ گرووپ و ٢٣ هەژماری ئینستاگرامی لە سێ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا سڕیوەتەوە.

مێتا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران تەنیا لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی کۆمپانیای مێتاوە نەبووە و لە پلاتفۆرمەکانی وەک تێلێگرام، یوتیووب، ئیکس یان هەمان تویتر و تیک تۆکیشدا چالاکیی هەبووە.

بە وتەی مێتا، کەسانی پشت ئەم هەژمارە ساختانە، بە زمانی عێبری هەواڵ و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە ئیسرائیلیان بڵاو کردووەتەوە.