کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی حیزبوڵڵا نیگەرانییەکانی لە پەرەگرتنی شەڕ لە ناوچەکە زیاد کردووە

10:45 - 31 جۆزەردان 2724

 

حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنەکانی ئیسرائیل و ئەگەر قێبرس هاوکاریی ئیسرائیل بکات، ‌هێزەکانی حیزبوڵڵا ئەم وڵاتەش دەگرنەوە.

حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردان، لە لێداونێکی تلویزیۆنیدا هەڕەشەی کرد کە :''هیچ شوێنێک لە ئیسرائیل لە مووشەکەکانمان سەلامەت نابێت و ئەگەر قێبرێس فڕۆکەخانە یان بنکەکانی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان، ئەوە لەلایەن حیزبوڵڵاوە دەکرێتە ئامانج''.

ئەم لێدوانانە دوابەدوای ئەوە بوو کە ئیسرائیل ڕایگەیاند پلانێکی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان پەسەند کردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە دوو پایەگای سەربازیی بریتانیا لە وڵاتی قێبرێسە کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی قێبرێسدا نین.

ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پلانی عەمەلیاتی هێرشکردنە سەر لوبنان پەسەند کراوە و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هۆشداری دا لەوەی لە ئەگەری "-شەڕێکی تەواو"-دا حیزبوڵڵا لەنێو دەچێت.

توندوتیژی سنووریی لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٤٧٨ کەس لە هێزەکانی حیزبوڵڵا و ٩٣ هاووڵاتیی مەدەنی.

بەرپرسانی ئیسرائیل هەروەها دەڵێن لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵا، لانیکەم ١٥ سەرباز و ١١ کەسی مەدەنی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون.

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە زیاتر لە ٨ مانگ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە تێدەپەڕێت و بارودۆخی ئەم ناوچەیە و دانیشتووانی مەدەنی ئەو وڵاتە زۆر نالەبار و مەترسیدارە.