کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران وەک داخوازییەکی بزووتنەوەی ژینا

10:59 - 31 جۆزەردان 2724

جاستین ترۆدۆ، سەرۆک‌وەزیرانی کانادا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەمەودا سپای پاسداران بەڕەسمی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێت. دۆمینیک لوبلانک، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تەواوەتیی خۆیدا بە پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هۆکاری شەڕ و ناسەقامگیری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناو بردوە.

دوای وڵاتانی عەڕەبستان، بەحرەین و ئەمریکا ئێستا کانادا چوارەمین وڵاتی دنیایە کە بەڕەسمی سپای پاسداران بە ڕێکخراوی تێرۆریستی دەناسێت. لە ڕەوتی ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»یشدا پاڕلمانی ئورووپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر بە تێرۆریست‌ ناساندنی سپای پاسداران دا، بەڵام وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا هەتا ئێستا دەنگدان لەسەر ئەم بڕیارەیان دوا خستوە. دەوڵەتی کانادا ڕایگەیاندوە بە پشتبەستن بە بەڵگەی زۆر بەهێز ئەو بڕیارەیان داوە. سپای پاسداران لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا سەدان دژبەری سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە تێرۆر کردوە، پیلانی بۆ دەیان تەقینەوە  لە وڵات و شوێنە جۆراوجۆرەکانی دنیا داڕشتوە و بە میلیشیاسازی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە هۆکاری ناسەقامگیری لەو وڵاتانە بووە و ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەبارمتە گرتوە.

کورد و بزووتنەوەی کورد لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بەشی شێری لە تێرۆریزمیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێ بڕاوە و، لەنێو بزووتنەوەی کوردیشدا حیزبی دێموکرات.

کارنامەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە لە تێرۆری سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوڕای نیزامیی حیزب و سەروان چەڵەبی لە هاوینی ١٣٥٩ دەست پێ دەکا. ئەم ڕەوتە بە درێژایی ساڵانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد درێژەی بووە هەتا دەگاتە مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی دیکەی حیزب لەم ساڵانەدا و تازترین تێرۆرەکان لە هاوینی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستاندا.