کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠دا ژێنۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتین

11:01 - 31 جۆزەردان 2724

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران  وێڕای مەحکوومکردنی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی و قەڵاچۆی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ئێران لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا ئەو کارەساتانەی بە ژێنۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی ناو برد. جاوید ڕەحمان ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد بە بڕیار و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو جینایەتانەی کردوویەتی وەڵامدەر بکەن و ڕێگە بۆ هەنگاوی بەکردەوە بۆ چالاککردنی میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی خۆش بکەن.

ڕێپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا هەزاران زیندانیی سیاسیی بەبێ دادگایی ئێعدام کردوە و ئەشکەنجەدانی بەندییە سیاسییەکان تا ڕادەی جینایەت دژی مرۆڤایەتی بووە. هەروەها لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا زۆر لە زیندانییە سیاسییە ژنەکان پێش ئێعدامکران دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر و بەشی زۆری ئێعدامکراوەکان تازەلاو و تەنانەت منداڵ بوون. جاوید ڕەحمان هەروەها باسی لە سەرکوت و قەڵاچۆی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ساڵانی سەرەتای سەقامگیریی کۆماری ئیسلامیدا کردوە. ئەو گوتی ئەوانەی لە کۆماری ئیسلامیدا کارەسات و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان خوڵقاندوە ئێستاش لە دەسەڵاتدان و کۆمەڵگەی جیهانی نەیتوانیوە یان نایهەوێ لێیان بپرسێتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ نێوان ساڵه‌كانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٦١ و له‌ ماوه‌ی نزیك به‌ چوارساڵدا لانیكه‌م لە چوارده‌ ناوچەی کوردستان خەڵکی كۆمه‌ڵكوژ کرد کە بەشێک لەو ناوچانە بریتین لە قارنێ، قه‌ڵاتان، دیلانچه‌رخ، حه‌ڵبی، کۆیکان، که‌رێزه‌ی شکاکان، چه‌قه‌ڵ مسته‌فا، خه‌لیفه‌لیان، گۆڕخانه‌، ئیندرقاش و وسووکه‌ند، قه‌رەگوڵ، سه‌وزی، دێمه‌سوور، جافرئاوا، مه‌رجان‌ئاوا، بایزئاواێ، سۆڤییان و چەند شوێنێکی دیکە. هەروەها لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٥٩ لاوی خەڵکی مەهابادی لە زینداندا بەکۆمەڵ ئێعدام کرد.