کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکان سەبارەت بە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە

11:02 - 31 جۆزەردان 2724

پاش بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە، ئەم هەوڵە بەرەوڕووی کاردانەوەی ئەرێنیی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆیی و بەرپرسانی هەندێک لە وڵاتان بووەتەوە و داوایان لە وڵاتانی ئورووپا و ئوسترالیا کردووە تاکوو ئەوانیش سپای پاسداران وەک گرووپێکی تێرۆریستی، بناسێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ جۆزەردان ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی "پی ئێس ٧٥٢"ی ئوکڕاینی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانین بۆ دەوڵەتی کانادا و حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە بکوژی منداڵەکانیان لەبیر ناکەن و نایانبوورن.

حامد ئیسماعیلیوون یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوبەریی ئەم ئەنجومەنە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاندوووە "سپای پاسداران پێناسەیەکی پێ بڕا کە شیاوی بوو، ڕێکخراوێکی ترسێنەری تێرۆریستی".

هەروەها ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا پشتیوانی خۆی لەم بڕیارەی دەوڵەتی کانادا ڕاگەیاندووە و زیادی کردووە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دامەزراوە و دەستوپیوەندییە تێرۆریستییەکانی لەهەمبەر تاوانەکانیان و بڵاوکردنەوەی تێرۆریسم بە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا، وڵامدەر بکرێت.

لە درێژەی شەپۆلی کاردانەوەکان سەبارەت بەم ئەنجامە کایلی مۆر گیلبێرت بەندکراوی پێشووی بریتانیایی ئوسترالیایی لە ئێران، لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند کە چیتر وڵاتی ئوسترالیا نابێت بیانووی هەبێت بۆ بەتێرۆریست ناساندی سپا لە ڕێگەی یاساییەوە.

مۆر گیلبێرت زیادی کردووە کە هەزاران قوربانیی ئێرانی ئوسترالیای خوزایاری ئەم هەوڵەی دەوڵەتی ئوسترالیان.

عەلیڕەزا ئاخووندی نوێنەری پارلمانی سوید لەم پێوەندییەدا وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو چالاکانەی کە لە کانادا بۆ ئەم پرسە هەوڵیان داوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بن  لە کۆتاییدا بە ئاکام دەگەن.

لەلایەکی دیکەوە مێلانی جوولی وەزیری دەرەوەی کانادا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵەی کانادا مەترسیی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کانادایی لە ئێران زیاد دەکات و هۆشداریی داوە کە هاووڵاتیانی کانادا سەردانی ئێران نەکەن.

وەزیری دەرەوەی کانادا لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا سەبارەت بەم بابەتە زیادی کردووە "ئێمە بەجیددی پێشنیار دەکەین کە هاوو:ڵاتییان سەردانی ئێران نەکەن و ئەو کەسانەی کە لە ئێستادا لە ئێرانن بە زووترین کات بگەڕێنەوە".

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ جۆزەردان وەزیری ئەمنییەتی گشتیی کانادا بەفەرمیی ڕایگەیاند کە سپای پاسداران، ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و خراوەتە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەم وڵاتەوە.