دوایین ڕاپرسیی دامەزراوەی گەمان سەبارەت بە هەڵوێست و بۆچوونی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە هەڵبژاردنی پووشپەڕی ١٤٠٣ نیشان دەدات کە نزیکەی ٦٥٪ی بەشداربووانی ئەم ڕاپرسییە ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا ناکەن و دەنگ نادەن.
بەپێی ئەم ڕاپرسییە کە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ٢٨ تا ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ ئەنجام دراوە، بۆچوونی کەسانی خوێندەواری سەرووی ١٩ ساڵ وەرگیراوە کە لە ئێران دەژین.
ئەم ڕاپرسییە ٩٠٪ی دانیشتووانی ئێران لە خۆ دەگرێت کە نزیکەی ٢٢٪ ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ٨ی پووشپەڕدا ناکەن و نزیکەی ١٢٪یش ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا بڕیاری کۆتایییان نەداوە.
هەروەها لەو ڕاپرسییەدا هاتووە لەکاتێکدا کە نزیکەی ١٠ ڕۆژی ماوە بۆ شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری هێشتا زیاتر ٣٤٪ی کۆمەڵگە نازانن کە ئەو هەڵبژاردنە لە چ ڕێکەوتێکدا بەڕێوە دەچێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەمان و وڵامی بەشداربووان دەرکەوتووە کە ٨٥٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا نەکردووە، بەنیازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیشدا نین و نزیکەی ١٥٪ ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت دەنگێکی سپی و بێ لایەن بدن و ٦ لە سەدی دیکەش وتوویانە ئەگەری ئەوە هەیە کە بەشداری بکەن.
هەروەها گەمان ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٦٧٪ی ئەو کەسانەی کە نایانەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا بەشداری بکەن یان تا ئێستا بڕیاری کۆتایییان نەداوە، هۆکاری بەشدارینەکردنیان دژایەتی و نەویستنی تەواوییەتی سیستمی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندووە و هەروەها ١٨٪ ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی بێ دەسەڵاتیی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران و نزیکەی ٨٪ی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی بێبەشکردنی کاندیدی پەسەندکراوی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.
ڕاپۆرتە نێوخۆییەکانی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵک گرینگییەکی ئەوتۆ بەم هەڵبژاردنانە نادات.