کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فرۆکەی پی ئێس ٧٥٢ ڕایانگەیاند هاتنی جەواد زەریف بۆ سەر گۆڕی ئازیزانمان جێگای شەرمە

12:35 - 2 پووشپەڕ 2724

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسیان لەوە کرد کە هاتنی جەواد زەریف بۆ سەر گۆڕی ئازیزانیان بێ ئەدەبی و جێگای شەرمە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: جەواد زەریف یەکێکە لە مۆرەی سەرەکییەکانی پەردەپۆشکردنی تاوانی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ـە و سەردانی هەریەک لە تاوانباران و ئەنجامدەرانی تاوانی خستنەخواری ئەو فڕۆکەیە بۆ سەر گۆڕی ئازیزانمان نیشان دەدات کە بێئەدەبیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هیچ سنوورێک ناناسێت. جەواد زەریف و ئەو کەسانەی کە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستیان هەبوو، لە حاجیزادە بۆ سەلامی بگرە تا خامنەیی، دەبێ لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن و ئەو ڕۆژە دێت و بکەرانی ئەو جینایەتە نە لەبیر دەکرێن و نە دەبخشرێن.

جەواد زەریف کە لەگەڵ مەسعوود پزشکیان، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی شاری ئێسفەهانیان کردبوو، بە گوێرەی میدیاکانی ڕیژیم ئەوان وەک ڕێزگرتن لەو قوربانییانە سەردانی گۆڕەکانیان کردبوو.

زەریف ئەو کاتەی کە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوو، چەندین جار لەلایەن خەڵکەوە بە هۆی قسەکانییەوە ڕەخنەی توندی لێ گیرا و دوای ئەوەی کە فایلە دەنگییەکەی سەبارەت بە خستنەخواری فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بڵاو بوویەوە ڕووی سەرەکیی زەریف بۆ خەڵک دەرکەوت.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو فایلە دەنگییەدا حامد ئیسماعیلیوون، وتەبێژی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، زەریفی بە درۆزنێکی هەزار ڕوخسار ناوی برد و وتی کە بە خوێنی سەرنشینانی فڕۆکەکە خەریکی مەزڵوومنیشاندانی خۆیه‌.