کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بژی تێرۆریزمی جیهانی و بمرێت تێرۆریزمی نێودەوڵەتی

15:08 - 2 پووشپەڕ 2724

دارسمە

تۆقاندن و ترساندن لە زمانی کوردیدا نزیکترین مانای "تێرۆریزم"ـه. ئەم تۆقاندنە لە ڕواڵەتدا خۆی لە ڕەشبگیر و تەقاندنەوە و کوشت‌وبڕ و شتی لەم جۆرەدا دەنوێنێت. "تێرۆریزم" لە هەمان‌ کاتدا مانایەکی قورس و قایم و وەک دەڵین کۆنکرێت و تەکووز و پتەو لە خۆیەوە بە دەستەوە نادات، بەڵام هەتا بڵێی لووس و ساف و نەرم و شلک و ناسکۆڵەیە. ئەگەر وابێت، ئەم وشەیە لە کاتێکدا پیس و قێزەون دەنوێنیت، خۆش و نەرم و ڕەوانیشە.

تێرۆریستیش بەو ڕێکخراو و کەسانە دەگوترێت کاری تێرۆر یان پێڤاژۆ و پرۆسەی تێرۆر جێبەجێ دەکەن. تێرۆریزم تەنیا بە تەقاندنەوە و کوشت‌وبڕ و کۆمەڵکوژیی و ئازاردانی جەستەیی ناگوترێت، بەڵکوو تێرۆری بیر و ئەندێشەش هەیە. دوو جۆری تێرۆری جەستە و تێرۆری ئەندێشە چەک و کەرەستەی ئەنجام‌دانیان جودان. بۆ وێنە کەس ناتوانێت بە بۆمب و نارنجۆک و مارنجۆک و دەمانچە‌ی بێدەنگ و شتی لەم جۆرە بیر یان ئەندێشە تێرۆر بکات.

خودی ئەندێشەش وەک وشەی تێرۆریزم لووس و خزۆک و نەرم و نیانە و بەزەحمەت دەنێو چەنگی لایەنگرانی بیر و باوەڕێکی تایبەتدا ئارام دەگرێت و بەردەوام بە نێوان تبل و قامک و پەنجاندا دەچۆڕێتەوە و ئەوە‌ی بە چەنگ گرتویەتی و گوشیویەتی، دەست لە هەرامە درێژتر دەمێنیتەوە.

کاتێک تێرۆریزم و ئەندێشە خۆیان لە چوارچێوەی دەستەواژەیەکدا دەبیننەوە، قووناویان* شتێکی وای لەبەر دەڕوات، هەر بۆ ئەوە دەبێت پێی پێبکەنی و بینەری لە ئێمەمانان وشیارتر لە بەر پێکەنین وەک منداڵی ساوا خۆی دەبەزێنێت* و دەکەوێتە ژانە‌سک.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر سرنج بدەنە ئەم چەند ڕستەیەی خوارەوە:

"دوژمنانی ئیسلام و ئێران بە دوای تێرۆرکردنی دەستەبژێرانی ئێمەوەن، بەڵام مەترسیدارتر لە کوشتن و تێرۆری دەستەبژێران، تێرۆری ئەندێشە و پێوەبوونی دەستەبژێران بە داوی بەرنامەی دوژمنانەوە."

بۆ لێکدانەوەی ئەم فەرمایشتەی سەرەوە، چۆن دوو وشەی تێرۆریزم و ئەندێشەمان لێکدایەوە، پێویستە ئاوڕێکیش لە وشەی "دەستەبژێر" بدەینەوە. دەستەبژێر لێرەدا بە مانای "نوخبە" یان "سەرتۆپ" هاتووە. پێویستە بڵێین "دەستەبژێر"یش وەک تێرۆریزم و "ئەندێشە" لیچق و لووس و نەرم و خزۆکە. مرۆڤی دەستەبژێریش زۆرن و بەسەر چەند جۆری "سەربازی و چەکداری"، "سیاسی" و "ئەدەبی" و هی‌ دیکەدا دابەش دەکرێن. لە پاراگرافی ئەولاتری ئەم پاراگرافەی سەرەوەدا، ئەوەی خراوەتە بەر باس دەستەبژێرانی باشن و زیاتر کەسانی "پێگەیشتوو" و "تێگەیشتوو "بیرمەند" دەگرێتەوە.

تێرۆری ئەندێشەش شتێکی زۆر سەیر و سەمەرەیە و ئەم جۆرە ڕووداوە تێرۆریستییە نابێتە هۆی کوژرانی کەسی تێرۆرکراو. جا لەبەر ئەمە هیچ بەدووری مەزانن ئەوەی لە ڕووی ئەندێشەوە دەکەوێتە بەر ئەم‌جۆرە هێرشە تێرۆریستیانەیە، دەگەڵ تێرۆریستەکە هاودەستە بە جۆرێک کلکیان لێک هاڵاندووە.

ئەم دووەی ئەوا کلکیان لێک‌هاڵاندووە، دەگەڵ تێرۆریستێکی دیکەدا دەکەونە بەریەک و ئەویش تێرۆریزمی دەوڵەتییە و لەلایەن دەوڵەت و دەستەڵاتدارانەوە دەستی لە شان و پشتان دەدرێت. لێرەدا بۆ ئەوەی لێمان تێکەڵ نەبێت، هەتا کۆتایی ئەم چەند دێڕەی خوارەوە وشەی بیرمەند بۆ تێرۆریزمی یەکەم قەرز دەکەین و بەوەی دەوڵەتییەکەش دەڵێین تێرۆریزم. ئەمە بۆچوونی ئێمەیە و ئەوانەی لایەنگری تێرۆریزمی دەوڵەتیشن دەتوانن بە "بیرمەند"ـەکەی ئێمە بڵێن تێرۆریست و ناوێكی خۆشتری بە دڵی خۆیانی وەک "ڕەزمەندە"، "حاکمی‌شەرع"، "پەیڕەوی خەتی نازانم کێ" و تەنانەت "دیپلۆمات"یش بۆ  تێرۆرستەکەی خۆیان دابنێن.

ئەوانەی لە سەرەوە دوو ناوی "بیرمەند" و "تێرۆریست"مان بۆ دانان تەنیا یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە. هەم بیرمەند و هەم تێرۆریزم دوو دیاردە یان دوو شتی جیهانی و نێودەوڵەتین. بیرمەندی جیهانی و تێرۆریستی نێودەوڵەتیمان هەن. بیرمەندان لە بەرئەوەی بەشێکی بەرچاویان هەر بڕوایان بەم دەوڵەت و مەوڵەتە بە تایبەتی ئەوەی ئێستا نییە، جیهانین و بۆ تێرۆریزمی نێودەوڵەتییش دەتوانین بۆ ساڵانی رابردوو باس لە ئوتریش و نازانم کام وڵاتی دیکە و بۆ چەند ڕۆژی ڕابردووش دەکرێت باس لە سوید و هەمان نازانم کوێ لە دوو کات و زمەنی جودادا بکەین.

بیرمەندانیش جیهانین. جیاوازیی سەرەکیشیان ئەمەیە تێرۆریستانی نێودەوڵەتی سەر بەدەستەڵاتدارانن و دەستەڵاتداران لەسەر هەڵمەتەکانیان ڕێک دەکەون و هەرچی بیرمەندانیشن بێ‌ئەوەی دەگەڵ دەوڵەت ومەوڵەتان ڕێک بکەون خەریکی کاروباری خۆیانن.

جیاوازییەکی دیکەش ئەمەیە،‌ تێرۆریستی نێودەوڵەتی، ئەوەی تێرۆری دەکات لە نێوی دەبات و بۆ هەمیشە دەمرێت. بەڵام تێرۆریستی جیهانی هەر کەسێک تێرۆر بکات، تەمەنی درێژ دەبێتەوە و دەردە تێرۆریزم لە تێرۆریستەکە دەگرێتەوە و وەک پەتا بەنێو بیرمەندانی دیکەدا بڵاوی دەکاتەوە.

ئەگەر وابێت بژێیت تێرۆریزمی جیهانی و بمرێت تێرۆریزمی نێودەوڵەتی.

کەونە وشە و دەستەواژه‌ی تێرۆرکراو:

قووناو: ئەو ئاوەی دوای ئاوداشت لەبەر باغ و بێستان و کرداری دیکە دەچێت و دەکرێت لە زەوییەکانی خوارووتر هەندیک زەوی و زاری دیکەی پێ ئاو بدرێت.

خۆ‌بەزاندن: میز بەخۆداکردنی منداڵ. منداڵێک لە بێ‌ئاگاییدا میز بەخۆیدا بکات، دەڵێن خۆی بەزاندوە.