بەرپرسانی پیشەسازیی ئاوی کۆماری ئیسلامی دان بەوەدا دەنێن کە ٣٥ میلیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵات ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە.
عیسا بزرگزادە، وتەبێژی ئەم ناوەندە، ڕایگەیاند کە سەرەڕای بارانبارینەکان، هێشتا ١١ پارێزگا لە دۆخێکی نالەباردان و قەیرانەکە بەردەوامە.
ئەم کارەساتە ژینگەییە لە کاتێکدایە کە کارناسان پێیان وایە وشکەساڵیی ئێستا تەنیا دیاردەیەکی سروشتی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵ بەرێوەبەریی ناکارامە، پڕۆژە چەوتەکانی بەنداوسازی و تاڵانکردنی سەرچاوە ژێرزەوییەکانە لە لایەن دەسەڵاتەوە بووە.
لە کاتێکدا دانیشتووانی شارە گەورەکان لە لێواری بێئاوییدان، ڕێژیم لە جیاتی چارەسەری بنەڕەتی، داوا لە خەڵک دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن بۆ ئەوەی سەرپۆش لەسەر شکستی سیاسەتە ژینگەییەکانی خۆی دابنێت.