لە کاتێکدا ٧٣ ڕۆژە ئینتێرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران بە تەواوی بڕدراوە، بەرپرسانی زانکۆی ئازاد ڕایانگەیاند کە ٢٠ هەزار مامۆستای زانکۆ لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دان بۆ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت دەستیان بە ئینتێرنێت بگات.
ئەم چاوەڕوانییە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لە ژینگەی زانکۆدا، لە کاتێکدایە کە دەسەڵات بە ناوی "ئینتێرنێتی پرۆ" خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکی نوێی جیاکاریی دیجیتاڵییە. بەپێی ئەم پلانە، ئینتێرنێت لە مافێکی گشتییەوە دەکرێتە ئیمتیازێکی تایبەت کە تەنیا بە کەسان و چینە دیاریکراوەکانی ژێر چاودێریی ڕێژیم دەدرێت.
ڕۆژنامەی "ئیعتماد" ڕەخنەی توندی لەم دۆخە گرتووە و دەڵێت، بەردەوامیی پچڕانی ئینتێرنێت دوای ٧٠ ڕۆژ لە دەستپێکی شەڕ، تەنیا وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.
ئەم گەمارۆیە نەک هەر بەشێکی زۆری بازاڕی کاری ڕاگرتووە و پەیوەندییەکانی خەڵکی پچڕاندووە، بەڵکوو ناوەندە زانستییەکانیشی تووشی گۆشەگیری و پەککەوتن کردووە.
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی "نێت بلاکس'' پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە ٧٣یەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ماوەی ئەم پچڕانە لە هەزار و ٧٢٨ کاتژمێر تێپەڕیوە.