لیندزی گراهام، سێناتۆری ناسراوی کۆماریخوازەکان، داوای گۆڕینی ڕیشەیی سیاسەتی ئەمریکای لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی پلانی "پڕۆژەی ئازادی پلەس" لە ئێستادا گونجاوترین بژاردەیە.
ئەم داوایەی گراهام دوای ئەوە هات کە واشنگتۆن وڵامەکەی ئێرانی بۆ پێشنیازە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بە "ناشیاو" و "ڕەتکراو" ناو برد.
گراهام ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای هەوڵە جیدییەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک بە مەبەستی گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران، تاران هێشتا لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی نێودەوڵەتی بەردەوامە.
"پڕۆژەی ئازادی" ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە حەوتووی ڕابردوو بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەشتیانە دەستی پێکرد کە لە گەرووی هۆرمۆز گیریان کردبوو. هەرچەند ترامپ بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیپلۆماسی، دوای ٤٨ کاتژمێر ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگرت، بەڵام ئێستا گراهام پێداگری دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە پڕۆژەکە بە ناوی "ئازادی پلاس" و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لیندزی گراهام جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەلمێنەری ئەوەن کە سیاسەتی ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. ناوبراو دەڵێت: "وڵامەکەی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی قەبووڵکردن نییە، بۆیە پڕۆژەی ئازادی پلاس لەم بارودۆخەدا وەک تەنیا بژاردەی دروست دەبینرێت."