٦٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لاوێکی کورددا تێپدەپەڕێت و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە "پێشەوا ئاقاپوور"، لاوی ٢٢ ساڵانی خەڵکی بۆکان لە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە. دواتر لە ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کراوە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و بە بێ بەڵگەی یاسای دەسبەسەریان کردووە.
لەم دەسبەسەرکرانەدا، باوکی پێشەوا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لێی دراوە پەراسووی شکاوە.
پێشەوا پێشتریش لە ڕەوتی شۆڕشی "ژینا"دا لە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو شوێنە ئەشکەنجەی جەستەیی دراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم دواییانەی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و تەنیا لە ڕۆژانی سەرەتاییدا پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.