میکی زوهار، وەزیری کولتوور و وەرزشی ئیسرائیل، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە درێژەکێشانی ململانێکان لە ناوچەکە، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەبێ هەموو ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی، چ لە بەرامبەر بزووتنەوەی حەماس و چ لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەواو بکات و ڕێگە نەدات ئەم هەڕەشانە بە نیوەچڵی بمێننەوە.
زوهار ئاماژەی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا، بگەنە ئەو قەناعەتە تەواوەی کە ڕێژیمی ئێران لایەنێکی شیاوی گفتوگۆ نییە. ناوبراو هیوای خواست واشنگتۆن هەرچی زووتر پڕۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران ڕابگرێت، چونکە بە بڕوای ئەو، کۆماری ئیسلامی تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات.
ئەم وەزیرە ئیسرائیلییە بە ڕاشکاوی جەختی لەسەر پێویستیی "ڕووخانی ڕێژیمی ئێران" کردەوە وەک تاکە ڕێگەچارە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل بە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک ڕازی نابێت کە پرسی چەکە ناوکییەکانی ئێران بە کراوەیی بهێڵێتەوە، چونکە هەر ڕێککەوتنێک هەڕەشەی ئەتۆمی تاران بنبڕ نەکات، لە لایەن ئەوانەوە هیچ بایەخێکی نابێت.