کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کوچی دوایی کرد

15:17 - 21 بانەمەڕ 2726

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، کاک محەممەد بابووتە، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد لە ساڵی ١٣٤٢ لە گوندی کەوپەڕ سەر بە شاری پیرانشار لەدایک بووە. وەک زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و سەرقاڵی کار و کاسبی بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵەکەی بوو.

وەک زۆربەی لاوانی کوردستان و بە هەستکردن بەو ستەمە نەتەوایەتییە کە لە گەلی کورد دەکرا، لە ساڵی ١٣٦٥دا پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و بەفەرمی بوو بە پێشمەرگە و بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە مەڵبەندی سپی‌سەنگ درێژەی بە تێکۆشانی حیزبیی خۆی دا.

دواتر لە ساڵی ٧٩ی هەتاویدا درایە سکرتاریا و هەمان ساڵ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوو ئەمیرە پێک هێنا کە بەرهەمی ژیانیان دوو منداڵ بە ناوەکانی ئاسۆ و ئالانە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا پاش بەشداریکردن لە دەورە و تێپەڕاندنی دەورەی سیاسی، پلەی کادری دەرەجە ٤ی بەدەست هێنا.

کاک محەممەد لە ماوەی ٤٠ ساڵ پێشمەرگایەتیی خۆیدا لە ئۆرگانی وەک مەڵبەندی سپی‌سەنگ، نەخۆشخانە، تەدارۆکات، کۆمیتەی خەدەمات و سکرتاریا ئەرکی جۆراوجۆری لە ئەستۆ گرتووە.

کاک محەممەد پێشمەرگەیەکی ڕۆحسووک و لەسەرەخۆ و خۆشەویستی پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، وەک ڕێبواری بەوەفای ڕێبازی شەهیدان، خزمەتی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی کرد و بەداخەوە تەمەن مەودای نەدا کە لە کوردستانێکی ئازاددا، تامی ژیان و سەربەستی بکا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە هاوسەر و منداڵەکانی کاک محەممەد و هەروەها هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.