کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنابەرێکی کورد بە هۆی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لە فڕۆکەخانەی ئیستانبۆل هەوڵی خۆکوژی دا

19:43 - 2 پووشپەڕ 2724

"نوورزاد عەلیمورادی"، پەنابەری کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵ، پاش دیپۆرتکرانەوە لەلایەن وڵاتی نۆروێژەوە، لە فڕۆکەخانەی ئێستانبۆڵ هەوڵی خۆکوژیی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، نوورزاد عەلیمورادی، تەمەن ٣٣ ساڵ و چالاکی سیاسیی خەڵكی سەرپێڵ و پەیڕەوی ئایینی یارسان، پاش ٨ ساڵ چاوەڕوانی لە کەمپی "لینا"ی نۆروێژ بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەری، دیپۆرتی ئێران کرایەوە و لە فڕۆکەخانەی ئێستانبۆڵی تورکیە لە کاتی ترانزیتی نێوان دوو گەشتی ئاسمانیدا، هەوڵی خۆکوژیی دا.

 ئەم چالاکە سیاسییە کوردە بە مەبەستی پیشگرتن لە دیپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران و لە ترسی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەشکەنجە دڕندانەکانی ڕێژیمی ئێران و سزادران بە سزای قورسی وەک لەسێدارەدان، دەستی داوەتە خۆکوژییەوە.

دۆخی تەندروستیی نوورزاد عەلیمورادی پاش خۆکوژی ناڕوونە و هێشتا هەڕەشەی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.