کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٤٣ لەسەدیی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣

19:44 - 2 پووشپەڕ 2724

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە کرد.

لە ڕاپۆرتی نوێی ''ئانتۆنیۆ گوترێش''دا لە دانیشتنی ٥٦ـەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ و سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٨٣٤ کەس لە ئێران لەلایەن ڕێژیمی نێرانەوە لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ٨٣٤ حاڵەت بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ کە ٥٨٢ حاڵەت بووە، باس لە بەرزبوونەوەی ٤٣ لەسەدیی ئەم سزایە لەلایەن ڕێژیمەوە دەکات.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ کۆمەڵێک تاوان لەوانە، کوشتن و زینا، تۆڵەسەندنەوە و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان دەربڕی.

لە کۆی گشتیی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٤٧١ حاڵەت واتە ٥٦ لەسەد کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢ بە ٢٥٦ حاڵەت و بە ڕێژەی ٨٤ لەسەد زیادی کردووە، کە لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکانە لە ساڵی ٢٠١٥وە.

گۆترێش نیگەرانیی خۆی لە زۆربوونی ڕێژەی لەسێدارەدانی منداڵان لە ئێران دەربڕی و خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو سزاکانی لە سێدارەدان بوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەسێدارەدانی ٨٣٤ کەسی لە ساڵی ٢٠٢٣دا پشتڕاست کردەوە.

شایانی باسە، ڕێژیمی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووانی ئێران زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە.