٥٢٠ مامۆستا لە ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاندووە، بۆ بەرگریکردن لە سیستەمی کۆماری و لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتییان" بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماری لە ئێران ناکەن.
سەدان مامۆستا لە ئێران ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کە لە کاناڵی تێلێگرامی ''کەلیمە'' بڵاو کرایەوە، ڕایانگەیاند کە هەرچەندە ناتوانرێت ''ستادی دژبەرانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا" دابنرێت، بەڵام هۆکارەکانی بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ خەڵک دەخەنە بەرباس.
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە جەختیان لەوە کردەوە کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا جگە لە قەبووڵکردن و پشتڕاستکردنەوەی دۆخی سەپێنراوی ئێستا و سووکایەتیکردن بە وشیاریی کۆمەڵایەتیی خەڵک، هیچ مانایەکی دیکەی نییە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە هەمووی خرابتر دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ڕەوایی و پاڵنەرێک بۆ سەرکوتکردنی زیاتری ناڕازییان، بۆیە لەو هەڵبژاردنانەدا بەشداری ناکەن.
چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بۆ هەڵبژاردنی نۆیەمین سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت.
جێگەی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی، شانۆی هەڵبژرادنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێرانیان بایکۆت کردووە.