کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی، لە دیوانی باڵای ڕێژیم

11:06 - 3 پووشپەڕ 2724

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری تووماج ساڵحی گورانیبێژی ناڕازی، ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی ئەو گۆڕانیبیژە لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشێندراوەتەوە.

ڕەئیسیان نووسیویەتی، ئەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا دیوانی باڵا پێشی بە هەڵەیەکی قەرەبوونەکراوی دادوەری گرت و سزای لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی هەڵوەشایەوە.

ئەم پارێزەرە باسی لەوە کردووە کە بەپێی بڕیاری کۆتایی لقی ٣٩ی دیوانی باڵا، دۆسییەی ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە بۆ تاوتوێ ڕەوانەی لقی هاوتەریب دەکرێت.

 بە وتەی ناوبراو، لقی دیوان لە حوکمەکەدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، دووپاتی کردەوە کە تەنانەت سزای بەندکرانی پێشوو کە شەش ساڵ و سێ مانگ بوو، ''بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای ڕێژەی تاوانەکان" ئەنجام دراوە و ئەم کارە دژی ماددەی ١٣١ـە  و بە زێدەڕۆیی لە سزای یاسایی دادەنرێت.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی خەڵکی و دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵ ١٤٠١ بەهۆی هاتنە سەر شەقام و پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر و بەسەربردنی ١٠ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و کێشانی یەک ساڵ و ٢١ ڕۆژ بەندکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕ ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.