کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ لە سەردانی پزشکیان بۆ سەر گۆڕی ئازیزانیان

11:11 - 3 پووشپەڕ 2724

مەسعوود پزشکیان یەکێک لە هەڵبژێردراوەکانی خامنەیی بۆ بەربژێربوون لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ لە چەواشەکارییەکی پێش هەڵبژاردنەکاندا سەردانی گۆڕی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی کرد.

پزشکیان کە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و لە چوارچێوەی پلانەکانی ڕێژیم بۆ هێنانە سەر سەندووقی خەڵک سەردانی سنەی کردووە، بەم مەبەستە و لە چەواشەکارییەکی دیکەدا بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی بە کەڵکاوەژوو وەرگرتن لە خوێنی قوربانییانی فرۆکەی پی ئێس ٧٥٢ چووەتە سەر گۆڕی ئاروین مورەتەب و ئایدا فەرزانە دوو کەس لە قوربانییەکانی ئەم فڕۆکەیە.

ئارمین مورەتەب برای ئاروین مورەتەب لە کاردانەوە بەم چەواشەکارییەی پزشکیان لە نووسراوەیەکدا لە سەر ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا ناڕەزایەتیی دەربڕی و ڕایگەیاندووە کە چیتر ئازاری بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ نەدەن و لە ئازیزانیان بۆ مەبەستە سیاسییەکانی ڕێژیم کەڵک وەرنەگرن.

ئارمین مورەتەب لە نوسراوەکەیدا هێناویەتی "ئێوە هەڵەتان کرد کە چوونەتە سەر گۆڕی ئاروین و ئایدا، نە تەنیا ئێوە بەڵکوو هەموو ئەو جاشانەی کە لە دەورتاندان و ساڵانێکە خوێنی خەڵک دەمژن و پشتیوانیی حکوومەتێکی سەرشۆڕ دەکەن، هەڵەتان کرد".

مورەتەب زیادی کردووە کە تا ڕۆژی دادخوازی و سزادانی یەک بە یەکی ئێوە،  پاشماوەخۆرەکانی خامنەیی جەنایەتکار لە بەرانبەرتاندا دەوەستین.

هەروەها ئارەش مورەتەب براکەی دیکەی ئاروین لە کاردانەوە بەم چەواشەکارییەدا لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا نووسی: "تۆ ئەندامێکی سپای پاسدارانی کە چوویەتە سنە تاکوو دەنگ بۆ قاتڵی گەورە کۆ کەیتەوە، تۆ سپاییەکی تێرۆریستی، هەر ئەو ڕێکخراوەی کە ئاروین و ئایدای لەت لەت کرد و لە خامنەیی و حاجیزادە بێشەرمتری".

فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئوکڕاینی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی تەنیا چەند خولەک پاش هەستان لە فڕۆکەخانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و ١٧٦ موسافرەکەی گیانیان لەدەست دا.

 هەر لەم پێوەندییەدا ئەلبورز سادقی و جەواد سلێمانی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئوکڕاینی، لە کاردانەوە بە چەواشەکارییەکانی پزشکیان و زەریف لە سەردانی گۆڕی قوربانییان، کاردانەوەیان نیشان دا و لە ماڵپەڕەکانیان بە دژی ئەم چەواشەکارییە هەڵوێستیان گرت.

هەروەها ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانیاینی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ لە بەیاننامەیەکدا سەردانی محەممەدجەواد زەریف بۆ سەر گۆڕی قوربانییانی، بێشەرمانە لە قەڵەم دا.