کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار

11:13 - 3 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار کران و لێپرسینەوەی لێ کرا.

بە وتەی کوردپا، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١، درێژەدان بە پرۆسەی مافخوازی و بەرزڕاگرتنی یادی کۆمار دەرئوفتادە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە پاش زیاتر لە یەک کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کران.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، حەسەن دەرئوفتادە باوکی کۆمار دەرئوفتادە بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کرا و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە باوک و برای کۆمار بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کران و دوو کاتژمێر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لێپرسینەوەیان لێ کرا.

 هێزەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەی دەرئوفتادە کردبوو کە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە "بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکان" و "چالاکی لە دنیای مەجازی" خۆ ببوێرن.

حەسەن دەرئوفتادە باوکی کۆمار دەرئوفتادە بە هۆی قسەکردن و مافخوازی سەبارەت بە خوێنی کوڕەکەی تاکوو ئێستا چەندین جار بانگ و دەسبەسەر کراوە و لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا، هێزە سەرکوتکەرەکان بە بانگکردن، هەڕەشە و گوشارخستنەسەر بنەماڵەی دەرئوفتادە پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەدایکبوونی کۆمار گرت.

هێزەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی لەدایکبوونی کۆماردا لە نیوەی ڕێگا، بە وەرگرتنی کەیکی لەدایکبوونەکە و باقی کەلوپەلەکان پێشیان بە چوونی بنەماڵەی کۆمار بۆ سەر مەزارەکەی گرت و ناچار بە گەڕانەوە بۆ ماڵییان کردن.

کۆمار دەرئوفتادە، شەوی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە ژمارەیەکی زۆری فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نزیکەوە شەهید کرا و تەرمەکەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە گوندی "زیوکە" سەر بە شاری پیرانشار بە خاک سپێردرا.