کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی خامنەیی بە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری کە گەندەڵییەکانی نێو ڕێژیم ئاشکرا نەکەن

12:00 - 3 پووشپەڕ 2724

 

لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران داوای کردووە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری قسەگەلی وا دەرنەبڕن لە نەیارانی ڕێژیم پێی شاد بن.

بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری لە چەندین دیبەیتی تلویزیۆنیدا ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسە جیاوازەکان دەخەنە بەرباس و لەو نێوانەدا دەپڕژێنە سەر یەک و گەندەڵیییەکانی یەکتر ئاشکرا دەکەن.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی دادوەری بە بەربژێرەکانی ڕاگەیاند: "نابێت مشتومڕەکانیان لە تلویزیۆن یان لێدوانەکانی دیکە ببێتە هۆی ئەوەی بەربژێرێک بە مەبەستی شکستی ڕکابەرەکە، قسەی دوژمن پەسەند بکات و دوژمن دڵخۆش بکات''.

 تا ئێستا سێ دیبەیت لە نێوان بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چووە و بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی هەڵسەنگاندنی بۆچوونەکانی زانکۆی جیهاد، زیاتر لە ٧٣ لەسەدی خەڵک سەیری یەکەم دیبەیتیان نەکردووە.

چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بۆ هەڵبژاردنی نۆیەمین سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت.

لەو پێوەندییەدا دامەزراوەی گەمان لە دوایین ڕاپرسیی سەبارەت بە هەڵوێست و بۆچوونی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە هەڵبژاردنی پووشپەڕی ١٤٠٣ نیشانی دەدات کە نزیکەی ٦٥ لەسەدی بەشداربووانی ئەم ڕاپرسییە ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا ناکەن و دەنگ نادەن.

هەروەها چەندین حیزب و لایەنی سیاسی، کەسایەتی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێرانیان بایکوت کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن.