کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڕانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان

12:32 - 3 پووشپەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم، بەرپرسانی ڕێژیم بە پاڕانەوە داوا لە خەڵک دەکەن کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لەم پێوەندییەدا، محەممەدجەواد زەریف کە پاڵپشتیی مەسعوود پزشکیان وەکوو تاکە بەربژێری ڕێفۆرمخوازی شانۆی هەڵبژاردنەکان دەکات، لە وتارێکدا وتوویەتی: بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بە قازانجی بناژۆخوازەکان تەواو دەبێت و سیاسەتوانی خراپ لەلایەن کەسانێکەوە هەڵدەبژێردرێت کە بەشداری لە دەنگداندا ناکەن.

زەریف بە مەبەستی بەرگری لە پزشکیان ناوبراوی بە مرۆڤێکی سالم ناو برد کە پێشینەی گەندەڵیی نییە و ڕوو لە خەڵکانی ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر ئەتانەوێ کەمینەیەک بەسەرتاندا زاڵ نەبن، ڕۆژی هەینی لە ماڵەکانتان بێنە دەرەوە و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."

قسەکانی زەریف لە پێوەندی لەگەڵ شانۆی هەڵبژاردنەکان و پڕوپاگەندە بۆ تەنیا بەربژێری ڕێفۆرمخوازی ئەم شانۆیە، پاڕانەوە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە.

بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە لەلایەن خەڵکەوە، زەنگێکی مەترسی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بووە و ئەمەش وای کردووە کە لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵ بۆ قەرەباڵغنیشاندانی بنکەکانی دەنگدان بدەن.