کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفۆرمخوازێکی گوێڕایەڵ

14:21 - 3 پووشپەڕ 2724

ئاسۆ مینبەری

دوابەدوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمار و ٧ کەسی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیم لە دوانیوەڕی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، بڕیار درا لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕدا شانۆیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم بەڕێوە بچێت. لە ماوەی ڕابردووشدا کۆمەڵێک کەس بۆ ئەم پۆستە خۆیان بەربژێر کرد و لە کۆتاییدا ٦ کەسیان لەلایەن شۆرای نیگابانەوە تەئیدی سەڵاحییەت کران و لەم شانۆیەدا بڕیارە دەنگیان بۆ وەربگیرێ. خۆپاڵاوتنی چەند ژن بۆ ئەم پۆستە یەکێک لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکان بوو، چونکە ئەم بەربژێربوونە لە خودی خۆیدا کارێکی بێهوودە بوو بە ئاکامێکی دیارەوە؛ هەر بەپێی یاسای بنەڕەتیی خودی ڕێژیم تەنیا ڕەجاڵ (پیاوان)ی سیاسی دەتوانن ببنە سەرۆککۆمار و بەربژێربوونی ئەم چەند ژنەش تەنیا گاڵتەجاڕییەک بوو کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە چوو تاکوو بە خەیاڵی خۆی خەڵک فریو بدات و باس لە کراوەبوونی دەسەڵاتەکەی و ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەم دەسەڵاتەدا بکات.

بەم پێشەکییەوە دەچمە سەر بابەتی سەرەکیی ئەم وتارە، ئەویش تەئییدی سەڵاحیەتی یەک کەسی بەڕواڵەت ڕێفۆرمخواز و ٥ کەسی بناژۆخوازە لەلایەن شوڕای نیگابانی ڕێژیمەوە. ئەم جۆرە لە چنینی مۆرەکان لەلایەن ڕێژیمەوە دەکرێ ئاوا خوێندنەوەی بۆ بکرێ کە مەسعوود پزشکیان تەنیا بەربژێری ڕێفۆرمخوازی ئەم دەورە لە هەڵبژاردنەکان، ئەویش ڕێک دوابەدوای ڕووداوە گرینگەکانی سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسیی جەلاد و هاتنەئارای بزووتنەوەی ژینا، بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە.

هەموومان دەزانین کە شۆڕشی ژینا باسی لە گۆڕان ئەکرد، ئەو کەسانەی لەم شۆڕشەدا شەهید و بریندار بوون هەموویان هیوایان بە ڕووخان و گۆڕانی ئەم ڕێژیمە بوو، کەوابوو ڕێژیم بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ١٤٠١ پێی وایە بە تێکدانی باڵانسەکە و تەئییدی سەڵاحییەتی ڕێفۆرمخوازێک دەتوانێ زۆرینەی کۆمەڵگە بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

ئەوەی کە لێرەدا گرینگە، ئەوەیە خودی مەسعوود پزشکیانیش چەندین جار تاکوو ئێستا پەرژاوەتە سەر پرسی حیجاب و باسی لێ کردوە. بۆ نموونە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کۆڕی ژنانی لایەنگری خۆیدا و لە کاتی پڕوپاگەندە بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە پرسی حیجاب کرد و گوتی: "ئێمە ٤٠ ساڵە دەستێوەردان لەم پرسەدا دەکەین و دەمانەوێ بیسەپێنین، ئەو پیاوانەی کە خەریکی پەرەدان بە گەڵاڵەی نوورن بڵێن ئایا ئەم دۆخە ئێمە دەگەیەنێت بە ڕووناکی؟ تاوانی ئێمەیە کە خەریکین خەڵک لە دین دوور دەکەینەوە!" ئەو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گوتی "ئەوەی کە دەبێ لێی بدرێ ئێمەین، کچەکانمان کێشەیەکیان لەگەڵ باوەڕەکانی ئێمە نییە"!

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانیش لە کۆبوونەوەی پرسیار و وڵامی خۆێندکارانی زانکۆی فەنیی تاران، وێڕای ئەوەی کە گوتی بەرەوپێشچوون بە مەبەستی نەهێشتنی پرسی حیجابی زۆرەملێ جێبەجێ نابێ، بانگەشەی ئەوەی کرد هەوڵ دەدات پێش بە گەشتەکانی ئێرشاد و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ژنان بگرێت. هەر لەم کۆبوونەوەیەدا پزشکیان ڕوو لە خوێندکاران و لاوان ڕایگەیاند: من باوەڕم بە ڕێبەر هەیە، مافی ئەوەتان نییە کە بێڕێزی بە کەسێک بکەن کە من باوەڕم پێیەتی.

لێکدانەوەیەکی ئەم قسانە دەتوانێ ئەم ئاکامە بەدەستەوە بدات کە پزشکیان تەنیا کاری لەم قۆناغەدا ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و پێداگری لەسەر پێگەی خامنەییە. بەو واتایە کە لەلایەکەوە بە باسکردن لە پرسی حیجاب و هەندێ ماف و ئازادییە زەوتکراوەکان سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشی و لەلایەکی ترەوە جەخت لەسەر پێگە و دەسەڵاتی خامنەیی وەکوو کەسی یەکەمی ئەو دەسەڵاتە بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ناوی خۆی لە سندووقەکە نەیەتە دەرەوە!

لە ڕاستیدا باسکردنی پزشکیان لە پرسەکانی ژنان و بەتایبەت پرسی حیجاب دەکرێ لە دوو لایەنەوە سەرنجی بدرێت، یەکەم ئەوەی کە لە بزووتنەوەی ژینادا ــ بە پێچەوانەی کوردستان ــ پرسی سەرەکیی ژنانی ناوەند هەر پرسی حیجاب بوو، کەوابوو ئەمە ڕێکارێک بۆ ڕاکێشانی ژنان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە هیوای نەهێشتنی حیجابە؛ دووهەم، ئەوەی کە پزشکیان وەک تاکە بەربژێری ڕێفۆرمخواز وا بنوێنێ کە بەڕاستی ئەم دەسەڵاتە ڕێفۆرم هەڵدەگرێ و کێبڕکێ و یارییەکە هەر بە قازانجی ڕێژیم بشکێتەوە و بە پڕوپاگەندە بۆ ڕێفۆرمخوازێکی گوێڕایەڵ، ڕێژیم بە ئامانجی خۆی کە بەڕێوەبردنی شکۆمەندانەی شانۆی هەڵبژاردنە بگات.

ئەزموونی ٤٥ ساڵی ڕابردوو، سەلماندوویەتی کە ژنانی سەر بە نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت کوردستان هیچکات پرسی خۆیان لە پرسی نەتەوەیی بە جیا نەزانیوە و بەردەوام هەنگاوەکانیان لەم ڕاستایەدا هاتەریب بووە، کەوابوو هەزاران وادە و بەڵێنی وەکوو ئەمانەی کە پزشکیان باسیان دەکات و بەربژێربوونی دەیان کەسی ڕێفۆرمخوازی دیکەش ناتوانێ ڕوانگەیان بگۆڕێ و باش دەزانن کە دوژمنی ژیان و شوناسیان هەر خودی ئەم دەسەڵاتەیە. هەروەها هەبوونی دەیان کەسی ڕێفۆرمخوازی گوێڕایەڵی خامنەیی، وەک پزشکیان هیچ لە پرسی سەرەکی کە تاوانباربوونی ئەو ڕێژیمەیە ناگۆڕێ و لای خەڵک ڕێفۆرمخواز و بناژۆخواز جیاوازییان نییە چونکە پێکهێنەری ئەو رێژیمەن و لە هەر حاڵەتێکدا هەوڵ بۆ بەرەوپیشبردنی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم دەدەن و دەیانەوێ پێگەی خۆیان ڕابگرن.

لەم شانۆیەدا ئەرکی ئەخلاقیی تاکەکانی کۆمەڵگە ئەوەیە بە بایکۆتکردن، شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم وەک شانۆکەی ١١ی ڕەشەمە، تووشی شکستێکی گەورە بکەن.