کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆی هەڵبژاردن لە سێبەری "هامستەر"دا

14:25 - 3 پووشپەڕ 2724

ڕەزا دانشجوو

مەرگی گوماناویی ئیبراهیم ڕەئیسی، خزمەتگوزاری کاربەڕێکەری دەستگای وەلایەتی فەقیهـ بەدەر لە هەموو ئەو ناڕوونی و گومانانه، تاکە شتێکی کە بۆ خەڵکی ئاسایی ئیران بە دوای خۆی هینا، بابەتی نوکتە و گاڵتەکردنی ڕۆژانە بوو. ئەوەی لە سەرۆک‌کۆماری هەمیشە لە پەراوێزی ڕێژیمی ئیسلامی لای خەڵک بە یادگار ماوە، هەڵە بێشومارەکانی لە قسەکردن و ڕاوێژی لەگەڵ میدیاکاران بوو. ڕەئیسی کە بە کەمترین ڕێژەی  بەشداریی خەڵک و لە ڕاستیدا بە یارمەتی بەیتی ڕێبەری ڕێژیم بوو بە سەرۆک‌کۆمار، لە تەمەنی کورتی کارکردنیدا هەرگیز نەیتوانی کەسایەتییەکی سەربەخۆ نیشان بدات و هیچ کات ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی ڕێژیمدا نەبوو. سەرۆک‌کۆماریک کە نە هاتنە سەرکار و دانانی لە لایەن عەلی خامنەیی و نە مردنی گوماناویی هیچ گرنگییەکی لای خەڵک نەبوو!

هۆکاری مردنی ڕەئیسی هەرچییەک بێت، نابێتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەلومەرجی کۆماری ئیسلامیدا. نە سیرک و شانۆی هەڵبژاردن دەتوانێت قەرەبووی ئابڕووی لەدەستچووی نیزامی کۆماری ئیسلامی بکاتەوە و نە پەلەقاژەکانی ڕەوتی بەناو ئیسلاحات دەتوانێت ڕوح وە بەری جەستەی نزار بێ‌گیان و ڕوو بە مەوتی کۆماری ئیسلامی بێنێتەوە. شانۆی گاڵتەجاڕی بە ناوی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کە بە خۆتۆمارکردنی سەدان کەس لە کاربەدەستانی ڕێژیم دەستی پێ کرد، نیشانی دا ڕێژیم هیچ بژاردەیەکی نوێی نییە کە تەنانەت بتوانێت ئەم تاقمە کەسەی ئێستاش هیوادار بە چاکسازی لەنێو چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدان بۆ دەنگدان هان بدات. 

خۆ تۆمارکردنی وەزیر و ئەندام پارلەمان و پارێزگار و هتد دەریخست کە بەپێچەوانەی قۆناغەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیم ئیستا تەنانەت توانایی پاراستنی لانیکەم دیسیپلینەکانی نێوخۆی بۆ ئەو پرۆسەیەی پێی دەگوترێت هەڵبژاردن نەیماوە. جگە لە "سبزوار رضایی میرقائد (موحسین ڕەزایی)"، کاندیدی هەمیشەیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کوماری ڕێژیم! لە مەحموود هەتا "دکتر سردار خلبان قالیباف!" هێرشی بەلێشاوی کاربەدەستانی ڕێژیم لە ناسراو هەتا نەناسراو بۆ خزمەتکردن! دیمەنێکی سەرسوڕهێنەر بوو.

سەرۆک‌کۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە شانۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا ئێتر تەنانەت کێبەرکێی تاقمێک کەسی پاڵێوراوی تایبەت لەلایەن شۆرای نیگابان نییە و سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردرا و گوماشتەی ڕاستەوخۆی بەیتی ڕێبەرییە. لیستی پاڵێوراوانی خوڵی تازەی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن لەلایەن شوڕای نیگابانەوە دەرخەری دو خاڵی گرنگە:

یەکەم وادیارە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێهیوا لە سناریۆی هاندانی جەماوەری لە ڕێگەی تۆقاندنی خەڵک لە مەترسیی هێرشی وڵاتانی بیانی یان دوژمنی خەیاڵی پەنای بۆ ڕەوتی بەناو ئیسلاحات بردوە و دەیهەوێت جارێکی تر بە پشتیوانی تێوریی خراپ و خراپتر سەرنجی خەڵک بۆ شانۆی هەڵبژاردن ڕابکێشێت. ئەو ڕەوتە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاڵقەی سەرەوەی دەسەڵات دوور خرانەوە و خانەنشین کران ئێستا بە هیوای وەرگرتنی پۆست و پایە دیسان لە خزمەتی دیکتاتۆردان. بەرەی بەناو ئیسلاحات کە ڕۆڵی سەرەکییان لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و لە کوشتار و سەرکوتکردنی نەیارانی ڕژیم هەبووە، هەرچەند دوای هاتنەسەرکاری عەلی خامنەیی بەراورد بە سەردەمی خومەینی زۆر کەمتر لە دەسەڵات بەشدار بوون، بەڵام هەمیشە و لە کاتی قەیرانەکاندا ڕۆڵی خۆیان وەک ڕزگارکەری ڕژیم بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان بە مەبەستی پاراستنی ڕێژیم گێڕاوە.

خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت بێبەشکردنی کەسانی وەک مەحموود ئەحمەدی‌نژاد و عەلی لاریجانییە. ئەم بابەتە جارێکی تر نیشانی دا لە ڕوانگەی ویلایەتی فەقیهەوە، هەموو خزمەتگوزارییەک بەرواری بەسەرچوونی هەیە، کاتێکیش بەسەرچوو، ئیتر دەرفەتی بەکارهێنانی نامێنێت. جگە لەوەش گرنگە بگوترێت جەنابی دیکتاتۆر هیچ کات ڕازی نابێت نۆکەران و خزمەتگوزارانی زیاتر لە ڕادەیەک گەوره ببن و ببیندرن! چارەنووسی هەموو سەرۆک‌کۆمارەکانی ڕێژیم دوای کۆتاییهاتنی خوڵی سەرۆکایەتییان ئەم ڕاستییە دەردەخات.

بڵاوکردنەوەی لیستی کاندیدە پاڵێوراوانی سەرۆک‌کۆماریی ڕێژیم نەک هەر کەسی تووشی سەرسوڕمان نەکرد، بەڵکوو لە بنەڕەتدا ڕووبەڕووی هیچ کاردانەوەیەکی جەماوەریی خەڵک نەبۆوە. گوێنەدان بە پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرنج‌نەدانی خەڵک بۆ شانۆی هەڵبژاردن وای کرد فەرماندەی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی هێرش بەرێت بۆ یارییەکی بە ناو "هامستەر" و وەک پیلانی دوژمنان بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن ناوی ببات!  فتوای چەند ئاخوندی شیعەی نزیک لە دەسەڵات سەبارەت بە حەرامبوونی ئەم یارییە، بەشێکی تری ئەم شانۆ گاڵتەجاڕییەیە. جێگای سەرسوڕمانە کاتێک خەڵکی وڵاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری وڵاتەکەیان کە بەپێی یاسا کەسی دووەمی وڵاتەکەیە پشتگوێ دەخەن و سەرقاڵی یارییەکی ئاسایی دەبن! بەڵام ئەمە دەرەنجامی چڵ و چەند ساڵی حوکمی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامییە! دوانەی خەڵک و دەسەڵات! خەڵکێک کە باوەڕی بە هیچ قسەیەکی حکوومەت نەماوە و تەواو پێچەوانەی حکومەت ڕەفتار دەکات! سیرک و شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیم ئێستا لەژێر کاریگەری یارییەك‌دایە و توانای ڕکابەری گەمەیەکی سادەی نییە! ئەمە لوتکەی ململانێی نێوان حکومەت و خەڵکە!

خەڵک ماندوو و بێزار لە ڕێژیم و هەموو بژاردە دووبارەبووەکانی، بۆ بەدەسهێنانی کەمێک پارە بەدەر لە ئەگەری ڕاستی و دروستی حازرن شەو و ڕۆژ بە پەنجە لە شاشەی مۆبایلەکەیان بدەن، بەڵام ئامادە نین تەنیا جارێکی تر پەنجەیان بۆ  بەشداریکردنی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم  مۆر بکەن! کۆماری ئیسلامی بێ‌توانا لە ورووژاندنی هەستی خەڵک بۆ بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردن وەک هەمیشە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و کەڵک‌وەرگرتن لە ئایین و میدیا وەک ئامرازێک  دەیەوێت لەو قەیرانە ڕزگاری بێت.

ئێستا "هامستەر" و هەوڵدان بۆ ئەگەری  بەدەستهێنانی کەمێک پارە بۆ خەڵک زۆر لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی داهاتووی کۆماری ئیسلامی گرنگترە! ئەمە نرخ و بەهای کۆماری ئیسلامییە لە چاوی جەماوەری خەڵکدا! دەسەڵاتێک لە گەمارۆی بیروڕای گشتیدا بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە زۆر ناشیانە پەنا بۆ کارتی سووتاوی ئیسلاحات دەبات و لە حاڵی کایەکردن بە تەواوی سەرمایەکانی، ڕووبەڕووی پشتگوێ‌خستنی کۆمەڵگە دەبێتەوە! ئیتر هیچ شتێک خەڵک ناگەڕێنێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان. نە کارتی سووتاوی ئیسلاحات، نە توقاندن و ترساندن لە دوژمنی بیانی! ئێستا بژاردەی خەڵک لەنێوان جەلیلی، قازی‌زادە، زاکانی، پزیشکیان، پوورمحەممەدی و قالیباف "هامستەر"ە!